بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، گۆڕانكاری لە برنج و نیسكی بەشەخۆراكی هاوڵاتییان بۆ مانگی شەشی ئەمساڵدا كراوە و دەشڵێت، ” چاوەڕواندەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراك بەسەر هاوڵاتییاندا بكرێت.
كامەران فەتاح، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی شەش بە داتای مانگی حەوت بەسەر بریكارەكانی خۆراكدا كراوە و گۆڕانكاری لە برنج و نیسكی ئەم مانگەدا كراوە و برنجەكە لە دوو كیلۆ و نیوەوە كراوەتە سێ كیلۆ و نیسك لە نیو كیلۆوە كراوەتە كیلۆیەك، بەڵام لەتكە نۆكی تێدانییە ماددەكانی دیكە وەك خۆیانن.
وتیشی، “چەند رۆژێكە دەستكراوە بە پێدانی ماددەكانی نێو بەشەخۆراك بە بریكارەكان و دوای پێدانی تەواوی ماددەخۆراكییەكان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستدەكرێت بە دابەشكردنی بەشەخۆراك بەسەر هاوڵاتییاندا”.