كونسوڵی پێشووی ئەمریكا لە هەرێم پەیامی ماڵئاوایی و یادگارییەكانی بڵاودەكاتەوە

كونسوڵی پێشووی ئەمریكا لە هەرێم لە پەیامی ماڵئاواییدا دەڵێت، دەمەوێت سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ میوانداریی قەشەنگیان و هاوبەشکردنی کەلتوورە دەوڵەمەند و هەمەڕەنگەکەیان لەگەڵم.

مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمریكا لە هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر. پەیوەندییەک کە قوربانیدانی هاوبەش پێکیهێناوە و بە بەها هاوبەشەکان بەهێزکراوە.

سترۆ، كە ماوەی ساڵێك كونسوڵی وڵاتەكەی بوو لە هەرێم، دەڵێت، لە ماوەی ساڵی رابردوودا، پارێزگاریی یاساییمان بۆ پەنابەران بەهێزترکرد و خستمانە سەر رێکاری رێکخراوی خۆی. لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی هاوبەشییمان پێکهێنا بۆ پێشخستنی مافەکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی رەگەزی، هەمەچەشنکردنی ئابوری، هاندان و بیرۆکەبەخشین بە کارسازانی داهاتوو، پێشخستنی ئازادیی راگەیاندن، نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە کەلتووریەکان، پاڵپشتیکردن لە پێکەوەژیانی ئایینی و گیانی یەکترقبوڵکردن و ئامادەکردنی نەوەی داهاتووی دەرچووانی زانکۆ بۆ کێبڕکێکردن بۆ بەدەستهێنانی یەکەم هەلی کارکردنیان.

پێکەوە پێشکەوتنمان لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەستهێناوە کە ئەرکێکی بنەڕەتییە لە دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ هەرێمی کوردستان و لایەنێکی بنچینەییی ئەو هاوبەشییە دورمەودایەیە کە لە بواری ئاساییشدا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەمانە. بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانینە کاری پێکەوەیی بۆ باشترکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگای مەدەنی و کاری میدیا. وە بە تامەزرۆییەوە چاومان لەسەر هاتنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و گشتگیرە کە لە مێژە چاوەڕوان کراوە و لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت، سترۆ وا دەڵێت.

باس لەوەشدەكات، دەمەوێت سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ میوانداریی قەشەنگیان و هاوبەشکردنی کەلتوورە دەوڵەمەند و هەمەڕەنگەکەیان لەگەڵم. خزمەتکردنم لێرە وەکو کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمریکا شانازی و ئیمتیازێکی گەورە و مەزن بووە. دەزانم هەمان پێشوازیی گەرم و پشتگیریی تەواوەتیی خۆتان لە (ستیڤ بیتنەر)ی جێگرەوەم دەکەن لەکاتی دەستبەکاربوونی لە بەردەوامییدان بەم کارە گرنگە. لەم کاتەدا کە ئێرە بەجێدەهێڵم، دەمەوێت ژمارەیەک وێنەتان پێشکەش بکەم کە نیشاندەری هەندێک لە یادگارییە تایبەتیەکانمن لە هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

جۆ بایدن بەدوای کاردا دەگەڕێت

بابەتی دواتر

دانووستانەکانی دەوحە دەستپێدەکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سێ فراكسیۆن و سەربەخۆكان بایكۆتی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان دەكەن

سێ فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، بایكۆتی كۆبوونەوەكەی سبەینێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان دەكەن. بڕیارە سبەینێ…
Total
0
Share