کەسوکاری کۆچبەرە کوردەکەی ناو یەختەکەی یۆنان وردەکاریی خنکان و دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیان دەگێڕنەوە

زانا قادر ئەو کوڕە کوردەی لەناو یەختەکەی هەفتەی رابردوودا لە کەناراوەکانی یۆنان نوقم بوو، خێزانەکەی لە رێگەی پۆلیسی یۆنانەوە ئاگادارکراونەتەوە و دوای ناسینەوەی تەرمەکەی خێزانەکەی لە هەوڵی گەڕاندنەوەیدان.

ژیلوان قادر برای زانا-یە و دەڵێت، لە شەوی 31/11/2023 لەلایەن کەسێکەوە کە بە زمانی یۆنانی قسەی دەکرد ئاگادارکراینەوە کە یەختێک نوقم بووە و کەسوکاری ئێمەی تێدایە، ئەوکاتە زانیمان یەختێک کە ئەو ڕۆژە کوڕەکەی ئێمە و ژمارەیەک کۆچبەری دیکەی گواستووەتەوە نوقم بووە.

براکەی زانا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای باسکرد، کە براکەیان لەلایەن قاچاخچییەکەوە فێڵی لێکراوە، چونکە قاچاخچی بەوانی وتبوو، بە یەختی ڤی ئای پی دەیانپەڕێنێتەوە و تەنها 50 کەسی تێدا دەبێت بۆ ئەوەش هەر کۆچبەرێک بڕی 12 هەزار دۆلاریان لێوەرگرتوون.

بەپێی وتەی کەسوکاری زانا قادر، یەختی ئەو کۆچبەرانە لە بولگاریا گۆڕانکاری پێدەکرێت لەلایەن  قاچاخچییەکانەوە و دەکرێنە یەختێکەوە کە هیچ سەلامەتییەکی تێدا نەبووە تەنانەت بچوکترین هۆکاری ڕزگاربوون، سەرەڕای ئەوەش لەبری 50 کۆچبەر 73 کۆچبەریان کردووەتە ناو یەختەکەوە.

ئەوە کۆچبەرانە تەنها سێ کەسیان کوردی هەرێمی کوردستان بوون و کەسوکاری زانا تاکە خێزانن کە کوڕەکەیان تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، ئەو دوو خێزانەی دیکە تا ئێستا چارەنووسی منداڵەکانیان دیارنییە، براکەی زانا وای وت.

زانا قادر، لە ڕۆژی 31ی مانگی رابردوودا لەناو ئەو بەلەمەدا خنکا کە لە نزیک یۆنان بە 73 کۆچبەرەوە نوقم بوو، کەسوکارەکەی لەڕێگەی زاوایەکیانەوە سەردانی ئەو ساردخانانەیان کردووە کە تەرمەکانیان تێدا هەڵگیراوە و تەرمی کوڕەکەیان ناسیوەتەوە.

زانا قادر لەدایکبووی ساڵی 1981ـە و خێزاندارە سێ کوڕی هەیە، خێزانەکەی لە وڵاتی ئەڵمانیان، پێشتر زانا لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراوەتەوە بەهۆی ئەوەی مافی پەنابەری نەبووە، بەڵام لە مانگی ڕابردوودا بڕیاریداوە جارێکی دیکە بەڕێگەی قاچاخ بڕوات بۆ لای خێزان و منداڵەکانی.

ژیلوان قادر دەڵێت، “براکەم ئێستا تەرمەکەی لە یۆنانە، مامەڵەکانی هێنانەوەی تەرمەکەیمان دەستپێکردووە بەڵام نازانین کەی دەگاتەوە دەستمان، سەرجەم تێچووی هێنانەوەی تەرمەکەی براکەم خۆمان دابینیدەکەین”.

بابەتی پێشتر

وەزیری دارایی هەرێم: لە پێناو بەدەستهێنانی بەشە بودجەی حکومەتی هەرێم دەچینە بەغدا

بابەتی دواتر

شتیگن ڕیکۆردی (100) ساڵەی بەرشلۆنەی شکاندووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share