جارێكی دیكە دەستپێكردنەوەی خوێندن لە خوێندنگاكان جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی دواخرا و بڕیاریشدرا خوێندن لەو قۆناغانەدا لە 1ی ئازاری داهاتوودا دەستپێبكاتەوە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی كانونی دووەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای خستەڕوو.
وتیشی، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزارەتەكان ڕاسپێردران لە ماوەی دوو هەفتەدا پلان و پێشنیاری خۆیان تایبەت بە پرۆژەی بودجە ئامادەبكەن.
جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەیەك پێكبهێندرێت تایبەت بە پێداچوونەوە بە گرێبەستی خزمەتگوزارییەكان لە خاڵە سنوورییەكاندا.
سەبارەت بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناش وتەبێژی حكومەت ئاشكرایكرد، دوای تاووتوێكردنی پێشنیار و هەڵسەنگاندنەكانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە تایبەت بە دۆخی كۆرۆنا و پلانی خوێندن، بڕیاردرا قۆناغی 12ی ئامادەیی خوێندن لە ڕۆژی شەممە 16ی كانونی دووەم دەستپێبكاتەوە تا ئەوكاتەی لیژنەكە لە 2ی شوباتی داهاتوودا سەرلەنوێ كۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكات.
ئەوەشی ڕوونكردەوە، خوێندن لە قۆناغەكانی دیكە لە 1ی ئازاری داهاتوو دەستپێدەكاتەوە.