شارەزایەكی بواری كەشناسی لەبارەی كۆتاییهاتنی وەرزی گەرمای ئەمساڵ دەڵێت، “سەرەتای مانگی ئەیلول قۆناغی كشانەوەی وەرزی گەرما دەبێت”.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند، بەپێی دواین زانیاری و گۆڕانكارییەكان چەند شەپۆلێكی گەرمای كورتخایەنی تاڕادەیەك بەتین ماون لەم مانگەدا بەتایبەت لەناو چلەدا، بەڵام لەهەمانكاتدا نیوەی دووەمی مانگی ئاب باشتر و هێورتر دەبێت لەڕووی گەرماوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە نیوەی یەكەمی مانگی ئابی ئەمساڵ، لە رووی گەرماوە هێورتر دەبێت بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پار.
ئەوەشیخستەڕوو، لە كۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتووی ئەیلول یەكەم قۆناغی كشانەوەی وەرزی گەرمای هاوینی ئەمساڵ دەست پێدەكات، لە قۆناغەكانی تردا پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاوتر دادەبەزن و بەو شێوەیە كۆتایی بە شەپۆلە گەرماكانی هاوین دێت، ئەمساڵ زووتر لەپار فێنك دەبێت.