پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، “بۆ ماوەی 34 کاتژمێر پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ رادەگیرێت”.
پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، کە ئاوی پاک بۆ 40%ی دانیشتووانی شارى هەولێر دابیندەکات، بەهۆی شکانی بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە جۆری GRP لە نزیک وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ دوای چاککردنەوەی بۆرییەکە هێشتاش نەدەتوانرا پرۆژەکە بە توانای خۆی کاربکات.
دەشڵێت، دەبوایە پێنج پەمپ کاربکات کە توانای هەر یەکەیان (2 هەزار مەتر سێجا ئاو) لە کاتژمێرێكدایە کە دەبوو 10 هەزار مەتر ئاو لە کاتژمێرێك بۆ شاری هەولێر بگوازێتەوە، بەناچاری کرابوو بە چوار پەمپ، بەمشێوەیەش وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ بەڕێژەى 80%ی توانای خۆی کاریدەکرد.
باس لە ئەوەش دەکات، بۆ چارەسەرکردنى ئەوکێشەیە لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر پرۆژەى گۆڕینی هێڵى 1500ملم جۆری GRP بۆ جۆری کاربۆن ستیل لە هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز سێ کۆتاییهات، بەمەش دوو هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێك زیاددەبێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنى ووێستگەیەکی ترى پڕۆژەى پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز3 بە توانای (5 سەد مەتر سێ جا ئاو) لە کاتژمێرێك دەکەوێتەکار، کۆی گشتی لە رۆژێکدا (60 هەزار مەتر سێ جا ئاو) بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات.
پارێزگای هەولێر دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە ئاگادارى هاوڵاتییانى شارى هەولێر دەکەینەوە، ئێستا بەهۆى کارکردن لە بەستنەوەی هێڵى نوێى پرۆژەکە بەیەکترەوە، لە ئەمڕۆ 5ی ئابی 2024ەوە، لە کاتژمێر 12 نیوەڕۆ بۆ ماوەی 34 کاتژمێر پرۆژەکە رادەوەستێت، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک لەو ماوەیەدا دەست بە ئاوەوە بگرن.