بە رێكەوت، زانایان چارەسەرێكی نوێیان دۆزییەوە بۆ قژ رووتانەوە و كەچەڵ بوونی بۆماوەیی، كە هۆكاری هەڵوەرینی قژە لای زۆینەی پیاوان لە سەرتاسەری جیهاندا.
چیرۆكەكە كاتێك دەستیپێكرد كە زانایان لە زانكۆی شیفێڵدی بەریتانی، توێژینەوەیان لەسەر شەكر كرد كە بەشێوەی سروشتی لەناو جەستەدا هەیە و یارمەتی دروستبوونی ترشی ناوەكی (DNA) دەدات.
لەكاتی لێكۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتیی رۆڵی شەكرەكان لە سارێژكردنی برین لەكاتی بەكارهێنانیدا، زانایانی زانكۆی شیفێڵد بۆیان دەركەوت توكی دەوروبەری برینەكە بەشێوەیەكی خێراتر گەشەدەكات لەو مشكانەی تاقیكردنەوەكەیان لەسەر كراوە، بەراورد بە چارەسەرنەكراوەكان.
لەم رووەوە تیمەكە بڕیاریاندا لێكۆڵینەوەی زیاتر بكەن، وەك ئەوەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.
چارەسەرێكی كاریگەر
دوای ئەوە، تیمی توێژینەوەكە “جێل”ی ناژەهراوی و قابیلی شیكردنەوە و دروستكراو لە شەكر (دیوكسیریبۆز)یان پەرەپێدا، دواتریش چارەسەرەكەیان لەسەر چەند نمونەیەك لە مشكی تووشبوو بە رووتانەوەی نێرینەیی بەكارهێنا.
جێل-ەكە لەسەر ئەو مشكە نێرینانە بەكارهێنرا كە گرفتی رووتانەوەیان هەیە بەهۆی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن. هەروەها توكەكەیان بە تەواوی لێكردەوە.
هەموو رۆژێك توێژەران بڕێكی كەمی جێلی شەكر (دیوكسیریبۆز)یان لەسەر پێستە رووتكراوەكە دەدا، لەماوەی چەند هەفتەیەكدا مشكەكان لەو ناوچەیەدا گەشەكردنێكی بەهێزیان تیادەركەوت، توكێكی درێژ و پتەویان لێدەرهات.
جێلەكە بووە هۆی سەرلەنوێ گەشەی توكەكەی بە رێژەی 80 تا 90% لەو مشكانەی گرفتی رووتانەوەی نێرینانەیان هەبوو.
بەپێی توێژینەوەكە، چارەسەرەكە كاریگەری لەسەر نزیكەی 40%ی دانیشتووان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا كارگێڕیی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی (FDA) تائێستا تەنها رەزامەندی لەسەر دوو دەرمان داوە بۆ ئەو دۆخە.