زانایان دەیانەوێت شیكردنەوە بۆ زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە گەنجاندا لە بیست و سییەكانی تەمەنیاندا بكەن، وەك ئەوەی لە راپۆرتێكدا هاتووە كە رۆژنامەی (زە تایمز)ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.
بۆ نمونە ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كەسانی خوار تەمەن 50 ساڵ بە رێژەی 24% لەنێوان ساڵانی 1995 و 2019دا بەرزبووەتەوە. بەپێی ئەو ژمارانەش كە لە ناوەندی توێژینەوەكانی شێرپەنجەی بەریتانی بڵاوكراونەتەوە نزیكەی 35 هەزار بەریتانیی تەمەن 25 بۆ 49 ساڵ لە ساڵی 2019دا تۆماركراون.
لەكاتێكدا حاڵەتەكان لەنێو ئەو كەسانەی تەمەنیان لە 75 ساڵ زیاترە لە وڵاتانی كۆمەڵەی 20 لە ساڵی 2005دا گەیشتە ترۆپك، بەڵام ئێستا روو لە دابەزینە و لە بەرامبەردا رێژەی تووشبوون لە نێوان گەنجانی تەمەن 20 و 34 ساڵ گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا.
رۆڵی هەوكردن
لە سەرجەم جۆرەكانی شێرپەنجەدا، هەوكردن رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت بۆ ئامادەكردنی خانەكان بۆ نەخۆشییەكە، چونكە شانە هەوكراوەكان زیاتر لە بەردەم ئەگەری گۆڕاندان بۆ شێرپەنجە، هەروەها گۆڕانکاری لە خانە لاوازەکاندا روودەدات کاتێک بەرکەوتەی هاندەرێکی دەرەکی دەبن وەک خواردنەوەی کحول، جگەرەکێشان، پیسبوونی هەوا یان بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییەکان.
سیستمی خۆراك
جیاوازیی هەرێمایەتی هەیە لە رێژە و جۆرەكانی شێرپەنجە، بەرزترین رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێشوەختە لە ئەوروپای رۆژئاوا و ئەمریكای باكوورە، بەڵام بەراوردێك لە نێوان كۆریای باشوور و ژاپۆنی دراوسێی، پێنوێنییەكی گرنگ دەبەخشێت.
كۆریای باشوور هاوشێوەیە لەگەڵ ژاپۆن لە رووی ئابوری و نەتەوەوە، بەڵام شێوازی ژیان لە كۆریا نزیكە لە شێوازی ژیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەوروپای رۆژئاوا، وڵاتەكە بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی لە شێرپەنجەی پێشوەختەی پەیوەندیدار بە كۆئەندامی هەناسە تیادا تۆماركراوە هاوشێوەی وڵاتانی رۆژئاوا كە خاوەن داهاتێكی بەرزن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سیستمی خۆراكیی رۆژئاوا رەنگە بەرپرس بێت.
قەڵەویی و كحول
قەڵەوی دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ تووشبوونی پێشوەختە بە شێرپەنجە، سەرەڕای خواردنەوە كحولییەكان. دكتۆر ئەبارنا باریخ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی هارڤارد و بەڕێوەبەری پزیشكیی شێرپەنجە قۆلۆن و رێكە لە گەنجاندا لە نەخۆشخانەی ماساچوستسی گشتی، هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچوونە.
ژینگە
باریخ دەشڵێت، تووشبووان بەهەمان شێوە بەركەوتەی ژینگەییان هەیە وەك پلاستیك، بۆیە تووشبوونی پێشوەختە پەیوەندیدارە بە یەكانگیربوونی هۆكارە ژینگەییەكان و شێوازی ژیان.