وتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ سەبارەت بە بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی باج لەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایل ڕایگەیاند، “پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم، عەبدوڵا حەسەن، وتەبێژی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند، “کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پابەند بووە بە یاسای باجی فرۆشراوەکان و بە تەواوەتی هەستاوە بە پێدانی هەر لە ساڵی 2015ەوە کە تیایدا یاساکە دەرچووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە ئەویش باجی فرۆشراوەکانە لەسەر بەکاربەر بە ڕێژەی 20% ی نرخی کارتەکانی پڕکردنەوەی باڵانس”.
وتەبێژی ئاسیاسێڵ ئاماژەی بەوەشكردووە، “کەرتی مۆبایل بە پێی دەستوور لە عێراقدا لە چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتی فیدراڵیدایە و وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی دەوڵەت لە بەغدادەوە ڕێکدەخرێت”.
عەبدوڵا حەسەن ئاشكراشیكردووە، “پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات لە سەر ئەو خاڵەی کە لە بریارەکەدا لەبارەی کۆمپانیاکانی مۆبایلەوە هاتووە چونکە ڕوون نییە”.