کەسێک لە مەلەوانگەیەکی بەناوبانگی ویلایەتی ماساچوسێتس ئەمریکا بوتڵێکی شووشەی سۆسی توونی شکاند و کەوتە نێو ئاوی مەلەوانگەکەوە و بەهۆیەوە ئەو مەلەوانگەیە داخرا و نزیکەی 20 هەزار دۆلاریش زیانی پاککردنەوەیەتی.
ئەو مەلەوانگەیە سەربە کۆمەڵگەی وەرزشیی رۆزماریی شاری نیدهامە و بۆ پاککردنەوەی مەلەوانگەکە پێویستە هەموو ئاوەکەی بەتاڵبکرێت کە 220 هەزار گاڵۆن ئاوە و ئەو ماددانەشی کە بۆ پاککردنەوەی ئاوەکە بەکاردەهێندرێن دەبێت جارێکی دیکە بەکاربهێندرێنەوە کە کۆی تێچووی ئەوەش لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار دۆلاردایە.
لەوبارەیەوە بیکا راوش، سیناتۆری ویلایەتی ماساچوسێتس لە پۆستێکی فەیسبووکدا رایگەیاندووە، ”هەموو کۆمەڵگەکە بەهۆی داخستنی مەلەوانگەی ئەو شارەوە نیگەرانن، هەموو ئەوەش تەنها لەبەر ئەوەیە کە کەسێک ویستویەتی بوتڵێک سۆسی توون لەگەڵ خۆی بهێنێت”.
دانیشتووانی نیدهام لەبارەی ئەو رووداوەوە دڵتەنگن چونکە زۆرێکیان پشت بەو مەلەوانگەیە دەبەستن بۆ خوێندنی وانەکانی مەلەکردن، مەشقی تیمی مەلەوانی، لەشجوانی و پشوویەکی تایبەت لە رۆژە گەرمەکاندا.