جێگری سەرۆك وەزیران كردنەوەی پرۆژەیەكی نوێی تایبەت بە راهێنان و تواناسازیی گەنجان رادەگەیەنێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، فاوندەیشن هەب لە کارگەی کەلتووریی سلێمانی دەکەینەوە، كە یەکەمین و گەورەترین ناوەندی راهێنان و تواناسازیی گەنجانی داهێنەر و کارسازە لەسەر ئاستی هەموو عێراق.
وتیشی، “لەڕێی ئەم پڕۆژەیەوە برەو بە بزنسی بچوکی گەنجانی داهێنەر و کارساز دەدەین و خەونەکانیان دەکەین بە راستی”.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ سەرپێخستنی بیرۆکەکانی گەنجان، شوێنی کاریان بۆ دابیندەکەین و لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە راهێنانیان پێدەکەین.
دووپاتیشیدەكاتەوە، ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیدایە کە شار و شارۆچکەی تری کوردستانیش دەگرێتەوە و دەیکەنە مایەی دروستبوونی ژێرخانێکی پتەوی تەکنەلۆژیا و داهێنان.
ناوەندەکە بەم نزیکانە دەکرێتەوە. ئەگەر کارسازیت و خاوەنی بزنسی بچوکی دەتوانیت لەڕێی ماڵپەڕی فاوندەیشن داواکاری پێشکەش بکەیت:
https://foundation.krd