لە ماوەی چوار مانگدا 83 پەرلەمانتار “یەك بۆ هەشت جار قسەیان كردووە”

پەرلەمانی كوردستان وەك تاكە سەرچاوەی یاسادانان لە خوولی پایزەی ساڵی 2020دا، تەنها دوو یاسای دەركردووە، 29 كاتژمێر كۆبووەتەوە.

لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئەدای پەرلەمان لە ساڵی 2020دا، ڕێكخراوێك كە ئەركی چاوێریكردنی پەرلەمانی كوردستانی گرتووەتە ئەستۆ، ڕەخنە لە ئەدای ئەو ئەنجومەنە دەگرێت و بە “لاوازتر” ناوی دەبات.

ئەدای پەرلەمان لە خوولی پایزەی 2020دا

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان وەكخۆی دەڵێت، “هەڵسەنگاندنێكی بۆ خوولی پاییزەی ساڵی 2020ی پەرلەمانی كوردستان” كردووە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كە ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم لە هەولێر ڕێكخرا و پەیامنێری “تۆڕی میدیایی ئێستا” ئامادەیبوو، ئینستتیوتی پەی ڕاپۆرتەكەی خۆی سەبارەت بە كاری پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی ئەو خوولەدا خستەڕوو.

لە كۆنگرەكەدا، د.سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ئینستتیوتی پەی وتی، “پەرلەمان دەزگایەكە دەبێت فریادڕەس بێت نەك وەك لەمپەر تێیبڕواندرێت، دەبێت وڵات لە قەیران ڕزگار بكات نەك ببێت بە بەشێك لە قەیران”.

سەرۆكی ڕێكخراوەكە ئەوەشی خستەڕوو، “پەرلەمانی كوردستان گلێندراوەتە ململانێی سیاسی و نەیتوانییوە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات”.

ئەو ڕێكخراوە ڕاپۆرتێكی لەسەر ئەدای پەرلەمان لە خوولی پایزەدا خستووەتەڕوو، كە ئەدای پەرلەمان لە 9ی ئەیلول بۆ 31ی كانونی یەكەمی ساڵی 2020 دەخاتەڕوو.

لە ئەركی یاساداناندا لە خولی گرێدانی پایزەی 2020، پەرلەمانی كوردستان تەنها دوو یاسای پەسەندكردووە، كە لە ڕووی شكلی و بابەتییەوە گرفتیان هەیە.

ڕاپۆرتەكەی پەی ئەوەشی ئاشكراكردووە، لە ماوەی ئەو خوولەدا پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ تەنها پێنج پرۆژەیاسا كردووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، وێڕای ئەو هەموو ناڕەزایی و داوایەی هەبووە، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسێندراوەتەوە، هەرچەندە دووجار داوای پرساندنی ئەنجومەنی وەزیرانیش كراوە، بەڵام بە دەم پەرلەمانەوە نەچوون.

لەبارەی ژمارەی ئەو پرسیارانەی پەرلەمانتاران خستویاننەتەڕوو، سەرۆكی ڕێكخراوەكە وتی، “پەرلەمان شەفاف نییە و داتاكان ناخاتەڕوو، بۆیە نازانرێت ژمارەی ئەو پرسیارانەی ئاڕاستەی حكومەت كراون چەندن، بەڵام لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 1ی ئازاری 2020، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، لە ئێستادا زیاتر لە 115 پرسیاری پەرلەمانتاران وەڵامنەدراوەتەوە”.

هەرچەندە ئەركێكی سەرەكیی پەرلەمان پەسەندكردنی بودجەی گشتییە، بەڵام وەك ئینستتیوتی پەی ڕایگەیاندووە، “دەبوو بودجەی هەرێم هەموو ساڵێك لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەڵام حەوت ساڵە بودجە لە پەرلەمان پەسەند نەكراوە”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، نۆ ساڵی ڕێكە حیسابی كۆتایی و ڕاپۆرتی دارایی لەلایەن حكومەتەوە نەنێردراوە بۆ پەرلەمان و تەنانەت خوودی پەرلەمانیش ڕاپۆرتی دارایی خۆی نەخستووەتەڕوو.

پەرلەمانی كوردستان لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی خەڵك نییە و ڕۆڵی مەرجەعی یاسایی و سیاسی نەگێڕاوە

هۆكاری ئەوەش گەڕێندراوەتەوە بۆ ئەوەی” هێزە سیاسییە باڵاكان بڕوایان بە كاری پەرلەمان نییە و زاڵبوونی هەژموونی حزبی بەسەر ئەو ئەنجومەنەدا هەیە”.

دەستووری هەرێمی كوردستان، كە پێویستییەكی گرنگە، دەبووایە پەرلەمان كاری لەسەر بكات، بەڵام هیچ هەنگاوێكی بۆ نەناوە، وەك ڕێكخراوەكە ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەش لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لەلایەن سەرۆكایەتییەكەیەوە پێشێلكراوە.

سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ پەرلەمانی كوردستان

“لە ماوەی چوار مانگدا 83 پەرلەمانتار یەك بۆ هەشت جار قسەیان كردووە”

ڕاپۆرتەكە وردەكاریی ئەو پێشێلكارییانەشی خستووەتەڕوو، لە خوولی پاییزەدا تەنها 11 دانیشتن كراوە، لەكاتێكدا دەبوو 35 دانیشتن ئەنجام بدرێت.

هەروەها سەرۆكایەتیی پەرلەمان سێ دانیشتنی دواخستووە بە هۆكاری ململانێی سیاسی.

لەبارەی كاتژمێرەكانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، “لەو خوولەدا پەرلەمان 29 كاتژمێر كۆبووەتەوە لەكاتێكدا دەبووایە، زیاتر لە 105 سەعات كۆببێتەوە.”

ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەهۆی ململانێی سیاسییەوە لە مانگی كانونی یەكەمی 2020دا، دەبووایە كۆبوونەوە ئەنجامبدرێت، بەڵام قوفڵ لە پەرلەمان درا و دانیشتن ئەنجام نەدرا”.

هەروەها سەرۆكایەتیی پەرلەمان “ڕێگە لە ئەندامان دەگرێت لەوەی قسەكانیان تەواو بكەن و پەخشی ڕاستەوخۆ ڕادەگیرێت”، كە ئەوەش وەك پێشێلكاری خراوەتەڕوو.

سەرۆكی ڕێكخراوەكە ئەوەی خستەڕوو، “بەرنامەی كاری دانیشتنەكان لەگەڵ خواستە هەنوكەییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان یەك ناگرنەوە”.

سەبارەت بە كاری لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان، پەی ڕایگەیاندووە، ئەركی پەیڕەوییان ئەنجامنەداوە و تەنها دوو ڕاپۆرتیان پێشكەش كردووە لەبری 10 ڕاپۆرت.

هەروەها، لە كۆی نۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كورستان 130 جار ئامادەنەبوون تۆماركراون، لە ماوەی ئەو خوولەدا لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان 19 لیژنەیە، تەنها 96 كۆبوونەوەیان كردووە، پێویست بوو 152 كۆبوونەوە بكەن.

بڕگەیەكی دیكەی ڕاپۆرتەكەی چاودێریی پەرلەمان ئاماژەی بەوەكردووە، “لە خوولی پاییزەدا، چوار پەرلەمانتار هیچ قسەیان نەكردووە، 14 پەرلەمانتار یەكجار قسەیان كردووە، 15 پەرلەمانتار دووجار قسەیان كردووە، 11شیان سێ جار قسەیان كردووە، 11ی دیكەشیان چوار جار قسەیان دەكرد، 15 پەرلەمانتاریش تەنها پێنج جار قسەیان كردووە، چواری تریشیان شەش جار قسەیان كردووە، پێنج پەرلەمانتاریش حەوت جار و هەشتیشیان تەنها هەشت جار قسەیان كردووە، هەروەها 14 پەرلەمانتاری دیكەش 12 جار قسەیان كردووە”.

دوایین قسەی سەرۆكی ئینستتیوتی پەی ئەوەبوو، لە سەرجەم پێوەرەكانی یەكێتیی پەرلەماناتارانی جیهاندا، پەرلەمانی كوردستان لە دواوەیە.

كلیك بكە بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتەكەی پەی

دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم

پێكهاتەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان

بە پێی ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، 3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 كەس لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەبووە، لەو ژمارەیەش یەك ملیۆن و 845 هەزار و 979 كەس بۆ خوولی پێنج دەنگیان داوە، ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتییان دەکاتە 59٪.

لەو هەڵبژاردنەدا 29 لیست بەشدارییان كرد، لە ئەنجامدا 16 لیست توانییان کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

پێكهاتەی پەرلەمان بەمجۆرەیە، فراكسیۆنی پارتی 45 كورسی، یەكێتی 21 كورسی، گۆڕان 12، جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەشت كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی حەوت، هاوپەیمانیی بەرەی ئیسڵاح پێنج كورسی، سەردەم یەك كورسی، ئازادی یەك كورسی، پارتی گەشەپێدانی توركمانی دوو كورسی، پارتی چاكسازیی توركمانی یەك كورسی، میلەت یەك كورسی، بەرەی توركمان یەك كورسی، هاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی سێ كورسی، ڕافیدەین یەك كورسی، ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی و ئاشووری یەك كورسی و ئەرمەن یەك كورسی.

بابەتی پێشتر

وتەبێژی گۆڕان: پارتی و یەکێتی لە بەغداد تەنها لەخەمی بەرژەوەندیی خۆیاندان

بابەتی دواتر

ئایا ساڵێکی ئابوریی سەخت چاوەڕێی عێراق و هەرێم دەکات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share