ئایا ساڵێکی ئابوریی سەخت چاوەڕێی عێراق و هەرێم دەکات؟

ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئابوریی جیهانی خاوکردووەتەوە و زیانی گەورەی لەو وڵاتانە دا کە بڕبڕەی پشتی ئابورییەکەیان پەیوەستە بە نەوتەوە.

دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستێک کە دەیان ساڵە ئەو نرخەی نەبووە، وای لە عێراق کرد بە موچەی فەرمانبەراندا بچێتەوە و بەپێی بڕی موچە لێبڕین بخاتە لیستی موچەوە.

دوای زیاتر لە ساڵێک بەهۆی دۆزینەوە و دەستکردن بە کوتان لەلایەن سێ کۆمپانیای دەرمانەوە، ڤاکسینی کۆرۆنا خەریکە هیوایەک بۆ ئابوریی جیهان دەگەڕێنێتەوە و جووڵە دەخاتەوە کارگەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ بە مانای خواست لەسەر سوتەمەنی دێت و ئەوەش واتە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

ساڵە سەختەکەی بەردەم عێراق

شارەزایانی ئابوری پێیانوایە، ئەگەر نرخی نەوت تێکڕای ساڵێک بۆ هەر بەرمیلێک 42 دۆلاریش بێت عێراق دەتوانێت موچەی فەرمانبەران وەکخۆی دابەشبکات بەپێی ئەو لیستەی دایناوە، بەڵام ئەگەر بەهەر هۆکارێک بێت نرخی نەوت لەم ئاستەی ئێستا دابەزێت ئەوا عێراق دەبێت لە کۆتایی ساڵدا پەنا بباتەبەر قەرزی نێودەوڵەتی.

سۆران سدیق، مامۆستای دارایی لە زانکۆی ئەمریکی لەسەر ئەم پرسە بە تۆڕی میدیایی ئێستا-ی وت، “عێراق بە تێکڕای 42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، دەتوانێت بێ کێشە موچەی فەرمانبەرەکانی دابەشبکات و پارەشی بۆ وەبەرهێنان هەبێت، بەڵام ڕەنگە نەتوانێت وەبەرهێنانێکی بەرچاو و دیار بکات، چونکە تا ئێستاش لە لێواری کورتهێنانی بودجەدایە.

بە بڕوای ئەو شارەزا داراییە، جێگیربوونی نرخی نەوت تەنها پەیوەست نییە بە سەرکەوتنی ڤاکسینی کۆرۆناوە، بەڵکو ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئۆپیک پڵەسیش گرنگە، بە تایبەت سعودیە و ڕوسیا کە پێشتر سەلماندوویانە هەر ڕکابەرییەک لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا نرخی نەوت دێنێتە خوارەوە.

جگە لە 12 ئەندامەکەی ڕێکخراوی ئۆپیک، ڕێککەوتنێکی دیکەی ئۆپیک و 10 وڵاتی دیکەیش هەیە بە ناوی ئۆپیک پڵەس، کە ڕوسیا یەکێکە لەو 10 وڵاتە.

ڕوسیا و سعودیە ئەگەر وەک دوو ئەندامی ئۆپیک پڵەس بکەونە ڕکابەرییەوە، کە ساڵانی پێشووتر سەلماندوویانە ڕکابەریی ئەوان نرخی نەوت کەم دەکاتەوە، چونکە سعودیە و ڕوسیا پێشتر ڕکابەرییان دەکرد لەسەر زۆرترین هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئەمساڵ بۆ هەرێم لە ڕووی ئابورییەوە چۆن دەبێت؟

بە وتەی سۆران سدیق، مامۆستای دارایی لە زانکۆی ئەمریکی، ئەمساڵیش بۆ هەرێم دۆخێکی ئابوریی سەخت دەبێت و حکومەتی هەرێم بەم دۆخەی ئێستاوە ناتوانێت 12 موچە لە ئەمساڵدا دابەشبکات.

ئەو مامۆستایە پێیوایە ئەگەر نرخی نەوت لە 42 دۆلاردا جێگیر ببێت و ناکۆکییەکان وەک ئێستا لەنێوان هەرێم و بەغداد بەردەوامببن، ئەوا حکومەتی هەرێم دەتوانێت تەنها 7 موچە دابەشبکات، کە ئەمەش لە ئیستاوە دەبێت بە موچەخۆران بدرێت ئەوان شێوازی ژیانیان لەگەڵ ئەو 7 موچەیەدا ڕێکبخەن کە ئەمساڵ پێیان دەدرێت.

بابەتی پێشتر

لە ماوەی چوار مانگدا 83 پەرلەمانتار "یەك بۆ هەشت جار قسەیان كردووە"

بابەتی دواتر

لاپۆرتا ڕکابەرانی ڕاماڵیوە .. چوار کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی بارسا ماونەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share