تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تائێستا پەتای كۆڤید-19 هەفتانە دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 700 كەس لە جیهاندا، داواش لەو كەسانە دەكات كە زیاتر لە بەردەم مەترسیدان ڤاكسین وەربگرن.
تیدرۆس ئەدهانۆم گیبرییسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشدارشیدا لە مەترسیی پاشەكشەكردن لە خۆپارێزی لەڕێی ڤاكسینەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، “تۆمارەكان دەریدەخەن كە خۆپارێزی لەڕێی ڤاكسینەوە پاشەكشەی كردووە لەنێو كارمەندانی بواری تەندروستی و ئەو كەسانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە، ئەوانیش ئەو توێژانەن كە زیاتر لەبەردەم مەترسیی تووشبووندان”، وەك ئەوەی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە.
ئەدهانۆم وتیشی، “رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رێنوێنی دەكات بەوەی ئەو كەسانەی زۆرتر لە بەردەم مەترسیی تووشبوون بە كۆڤید-19دان، 12 مانگ پاش دوا ژەمی ڤاكسین، ژەمێكی دیكە وەربگرن”.
پێشتر رێكخراوەكە رایگەیاند، گیانلەدەستدان بەهۆی كۆرۆناوە زیاترە لە حەوت ملیۆن كەس، لەكاتێكدا باوەڕوایە ژمارەكە زۆر زیاترە.
سەرەڕای ئەوەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە بووەهۆی تێكدانی ئابوری و پەككەوتنی سیستمی تەندروستی.
لە ئایاری 2023 تیدرۆس ئەدهانۆم كۆتایی كۆڤید-19ی وەك باری لەناكاوی تەندروستی لەسەر ئاستی جیهان راگەیاند، ئەوەش پاش زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر یەكەم تۆماركردنی ڤایرۆسەكە لە ووهان-ی چین لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019دا.