وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، تورکیا ھیچ ھێرشێکی سەربازی بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێم ئەنجامنەداوە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا رایگەیاند، تورکیا ھیچ ھێرشێکی بۆ سەر خاکی عێراق ئەنجامنەداوە و جموجۆڵە سەربازییەکانی لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەکدارەکان بووە.
فوئاد حسێن، ئاماژەی بەوەش کرد، لە میانی بەشداریکردنیان لە لوتکەی ناتۆ، لەگەڵ لایەنی تورکیا کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێک کردووە، دیارترینیشیان دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و تیرۆر بووە.
بە وتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان، بڕیارە 18 ی ئابی ئەمساڵ، وەفدێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ وەفدێکی باڵای ئەمنی و سیاسی ئەو وڵاتە، کۆببێتەوە.