چوارەم تۆماری دەنگیی مالكی چی تێدابوو؟
هێزەكانی سەدر بارەگاكانی حزبەكەی مالكی-یان داخستووە؟

لە شەوی ڕابردووەوە دەنگۆی داخستنی بەشێك لە بارەگاكانی حزبی دەعوە، كە مالكی سەرۆكایەتیی دەكات، لەئارادایە، بەڵام میدیای عێراقی پشتڕاستینەكردووەتەوە.

دوای ئەوەی دوێنێ تۆماری دەنگیی چوارەمی نوری مالكی بڵاوكرایەوە و بەراورد بە تۆمارە دەنگییەكانی دیكە، قسە و تیڕوانینی مەترسیدارتری تێدایە و بەڕوونی ئاماژەی بە ئەگەری شەڕ كردووە، ئەمە جگە لە لێدان لە كەسێتیی موقتەدا سەدر، لە شەوی ڕابردووەوە دەنگۆی ئەوە هەیە كە لە چەند شاڕێكی ناوەڕاست و باشوور، هێزەكانی سەرایا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر چەند بارەگایەكی حزبی دەعوەیان داخستووە، كە نوری مالكی ئەمینداری گشتییەتی.

لەگەڵ ئەوەی دەنگۆكان تا ئەم بەیانییەش بەردەوام بوون، بەڵام هیچ میدیایەكی عێراقی داخستنی بارەگاكانی حزبی دەعوەی لەلایەن سەدرییەكانەوە پشتڕاستنەكردووەتەوە و تەنانەت هەندێكیان ڕەتیانكردووەتەوە.

ئەو تۆمارە دەنگییەی مالكی، كە دوێنێ بڵاوكرایەوە، چەند قسە و تێڕوانینێكی مەترسیداری تێدایە و تەنانەت باس لە ئەگەری شەڕ و پێكدادان دەكات.

مالكی بە ڕوونی وتوویەتی، “قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕە، بە مستەفا کازمیشم وتووە قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕکردنە، موقتەدا سەدر هاتووە دەیەوێت بکوژێت و سەرببڕێت، بۆیە هەر کەس بەرگری لە خۆی بکات، منیش بەرگری لە خۆم دەکەم، قسەم لەگەڵ هەمووشیان (مەبەستی سەركردەكانی عێراقە) کردووە کە بابەتەکە شەڕە”.

هۆشداریی ئەوەی داوە، كە “عێراق لە بەردەم جەنگێکی وێرانکەردایە، کەس لێی دەرباز نابێت، تەنها بە خستنی پڕۆژەکەی سەدر و حەلبوسی و بارزانی نەبێت”.

مالكی پێیوایە، “موقتەدا سەدر یەکەم کەس كە بیكاتە ئامانج منم، بەڵام ڕێگا نادەم عێراق و شیعە بکەوێتە دەستی موقتەدا سەدر”، دیارە متمانەی بە هێزە ئەمنییەكان و سوپا نییە و لە تۆمارە دەنگییەكەدا دەڵێت، “ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ دەستەوەستانە، من دەستەوەستان نابم، سوپا و پۆلیس پشتیان پێنابەسترێت و هیچ شتێک ناکەن، پێویستمان بە چەکە، متمانە نە بە سوپا، نە بە پۆلیس ناکەم و خۆم بەرگری لە خۆم دەکەم”.

نوری مالكی نەیشاردووەتەوە كە خەریكی دروستكردنی گروپی چەكدارە و دەڵێت، “ئێستا من 10 بۆ 15 گروپی چەکدار دروستدەكەم، تا ئامادەی قۆناغی پێویست بن”.

تەنانەت مالكی پێشبینیی ئەوەی كردووە كە سەدر هێرش بكاتە سەر مەرجەعییەت، بۆیە دەڵێت، ئەگەر ئەو كارە بكات “لەوانەیە هێرش بکەمە سەر نەجەف”.

نوری مالكی قسە لەبارەی سەدریشەوە دەكات، لە تۆمارە دەنگییەكەدا وتوویەتی، “موقتەدا سەدر سێ سیفاتی ناشرینی تێدایە، هەرچەندە خۆی ترسنۆکە بەڵام حەزی بە خوێنڕشتنە، حەزی بە پارەیە و دەیەوێت هەموو وڵات بە تاڵان ببات، حەزی بە دەسەڵاتە و دەیەوێت ئەو خاوەنی هەموومان بێت”.

بابەتی پێشتر

سەدر لە دوا پەیامیدا داوای ئامادەسازی لە شوێنكەوتووانی دەكات

بابەتی دواتر

پەرداخە تایبەتەکەی هیتلەر بە زیاتر لە 10 هەزار پاوەند دەفرۆشرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share