پۆلیسی سلێمانی روونكردنەوە لەسەر دەستگیركردنی “دنیا عادل” دەدات

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دونیا عادل بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ناوبراو ماوەیەكی زۆرە كێشەی لەگەڵ چەند كەسێكدا هەیە، دوێنێ فەرمانی دەستگیركردنی بەپێی ماددەی 2ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی بۆ دەرچووە.

وتیشی، “هەر دوێنێ هێزێكی بنكەی پۆلیسی بەختیاری چوونەتە ماڵەكەی و دەستگیریان كردووە”.

“پۆلیس نە هێزی دەمامكداری هەیە و نە كاری نایاساییشمان كردووە”، سەركەوت ئەحمەد وای وت و ئاماژەی بەوەشدا، فەرمانی گرتنی هەبووە، براوەتە بنكەی پۆلیسی بەختیاری و وتەی لێوەرگیراوە و براوەتە بەردەم دادوەر، دادوەریش بڕیاری راگرتنی داوە و نێردراوە بۆ گرتن و گواستنەوە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دووپاتیشیكردەوە، هەر شتێكی دیكە لەبارەی ئەو كەیسەوە دەوترێت هیچ بنەمایەكی نییە.

روونیشیكردەوە، دەستگیركردنەكەی ئێوارە بووە نەك شەو، كاتێكیش دادوەر بڕیاری دەستگیركردن بۆ كەسێك دەردەكات، بنكەی پۆلیس ئاگاداری ناكەنەوە، بەڵكو دەستگیریدەكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، كاتێك لە ماڵەوە بووە هێزەكەی پۆلیس بانگیان كردووەتە خوارەوە و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس بردوویانەتە بنكە و رێوشوێنە یاساییەكانی دیكە گیراونەتەبەر. كامێرا و بەڵگەی رەسمیش لەسەر ئەو كارانەی هێزەكانی پۆلیس هەن.

بابەتی پێشتر

ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا دەیانەوێت هەنگاریا لە سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە دووربخەنەوە

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم: بڕیاری خەرجكردنی مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەكان دەرچوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share