وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران خرایە سەر هەژماری وەزارەتمان و یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ”کەمێک لەمەوبەر بڕی 231 ملیار و 605 ملیۆن و 531 هەزار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق”.
دەشڵێت، ”رۆژی یەکشەممە کە دەکاتە 7ی تەموزی 2024، دەست بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم ئەو توێژانە دەکرێت کە لەسەرەوە ئاماژە بەناوەکانیان دراوە و تەمویلەکەیان گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی”.