فێرخوازێک دوای 60 جار لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تیۆریی شۆفێری شکستیهێنا

هاوڵاتییەکی شاری رێدیچی ئینگلتەرا دوای 60 جار لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تیۆریی شۆفێری شکستیهێنا و حکومەتی ئەو وڵاتەش دەیەوێت کرێی تاقیکردنەوەکە لەسەر ئەو کەسانە زیاد بکات کە چەندین جار شکستدەهێنن.

ئەو هاوڵاتییە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، لە هەوڵەکانیدا بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەی تیۆریی شۆفێری نزیکەی هەزار و 400 پاوەندی خەرجکردووە و 60 کاتژمێریش سەرقاڵی تاقیکردنەوەکە بووە.

ئامارە نوێیەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە دەریدەخەن کە لە کۆی گشتی 93 هەزار و 204 تاقیکردنەوەی شۆفێری کە لە ساڵێکدا ئەنجامدراون، لانیکەم کەسێک شەش جار هەوڵی داوە لەو تاقیکردنەوەیەدا دەربچێت، هاوکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژەیە حکومەت دەیەوێت کرێی تاقیکردنەوەکە لەسەر ئەو کەسانە زیاد بکات کە چەندین جار شکستدەهێنن.

ستیڤ گودینگ، بەڕێوەبەری دامەزراوەی  RACلەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ”زۆرجار کاندیدەکان ناچارن بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە بکەن کە ئەوەش ئاستیان دادەبەزێنێت”.

خوێندنگەی شۆفێری ئەی ئەی سەبارەت بە چاوەڕوانی تاقیکردنەوەکە رایگەیاندووە، تێکڕای ماوەی چاوەڕوانی بۆ تاقیکردنەوەی شۆفێری پراکتیکی زیاتر لە 18 هەفتە بووە.

ساڵی رابردوو دەزگای ستانداردەکانی شۆفێری (DVSA) ماوەی چاوەڕوانی ئەو کاندیدانەی کە لە تاقیکردنەوەی شۆفێریدا شکستیان هێناوە بۆ دەیانەوێت دووبارە ناویان تۆماربکەنەوە، لە 10 رۆژەوە بۆ 28 رۆژ زیادکرد، بەو هیوایەی هانیان بدات چاوەڕێ بکەن تاوەکو ئامادە دەبن بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەکەدا.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەك: بە كەوچك خۆراكدان بە ساوا دەشێت خراپ بێت بۆ گەشەكردنیان

بابەتی دواتر

شارەوانیی هەولێر: بەخێوکردنی ئاژەڵ لەناو گەڕەکەکانی شار رێگەپێدراو نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share