وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، ئێران لە هەشتاكانی ڕابردوودا چەكی كیمیایی لە عێراق بەكارهێناوە و بەشێك لەو چەكانەشی بە ڕژێمەكەی موعەمەر قەزافی داوە.
مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی یەكشەمە 10ی كانونی دووەم لە تویتەر ڕاپۆرتێكی پێشووی وەزارەتەكەی بڵاوكردەوە كە بەمدواییە ئاشكراكراوە و تیایدا باس لە گواستنەوەی چەكی كیمیایی ئێرانی دەكات بۆ لیبیا لە ساڵی 1987دا لەمیانەی شەڕی نێوان لیبیا و چاد لە ساڵانی 1978 – 1987.
بەپێی ڕاپۆرتەكە ئەنجومەنی نیشتیمانی لیبیا لەپاش هەرەسهێنانی ڕژێمەكەی قەزافی گولەی تۆپهاوێژی 130 ملم-ی دۆزیوەتەوە كە بە خەردەلی كبریت پڕكراوەتەوە و باوەڕوایە سەرچاوەكەی ئێران بێت.
هەروەك لە ساڵی 2011دا لیبیا ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی ئاگاداركردوەتەوە كە 517 گولەی تۆپهاوێژ و هەشت بۆمبی ئاشكراكردووە كە 1.3 تۆن خەردەلی كبریتی تیایە، بەڵام سەرچاوەی ئەو مادانەی دیارینەكردووە.
دەربارەی عێراقیش ڕاپۆرتە ئەمریكییە دەڵێت، لە میانەی شەڕی عێراق-ئێران و لە نیسانی 1987 گولە هاوەنی 130 ملم-ی پڕ خەردەل لە نزیك شاری بەسڕە بەكارهێنراوە و باوەڕوایە ئێرانی بێت.
بەپێی سوپای عێراق و شاندی نەتەوەیەكگرتووەكان پاشماوەی گازی خەردەل بەدیكراوە و بوونی سوتان لەنێو قوربانییە عێراقییەكاندا بەركەوتنیان بە خەردەل دەسەلمێنێت.
هەروەك ڕاپۆرتەكە دەڵێت، لە ساڵی 1991 لیژنەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە پارێزگای موسەننا 165 گولەی هاوەنی 81 ملم-ی پڕ خەردەل-ی دۆزییەوە كە عێراقییەكان وتویانە دروستكراوی ئێرانە.