جەڵتەی دڵ بووەتە دێوەزمەی یاریزانان و تۆپی پێی خنکاندووە

بەهۆی جەڵتەی دڵەوە تەنها لە هەفتەیەکدا سێ یاریزان گیانیان سپاردووە

هەوادارانی بواری تۆپی پێ لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گوێبیستی چەندین هەواڵی دڵتەزێن بوون دەربارەی گیانلەدەستدانی یاریزانان بە جەڵتەی دڵ.

سەرەڕای ئەوەی یانەکان لەم سەردەمەدا ئەوپەڕی گرنگی بە تەندروستی یاریزانانیان دەدەن، هێشتا جەڵتەی دڵ وەک هەڕەشەیەک بۆسەر یاریزانانی بوارەکە کۆتایی نەهاتووە، ساڵانە دەیان یاریزانی ناسراو و نەناسراو بە شێوەی کتوپڕ لەناو و دەرەوەی یاریگا گیانلەدەستدەدەن.

لێرەدا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی سێ یاریزان دەکەین بەهۆی جەڵتەی دڵەوە تەنها لە هەفتەی ڕابردوو.

 

یاریزانێک لە خولی پۆرتوگال

ڕێکەوتی نۆی کانونی دووەمی 2021 یانەی ئالڤێرکای بەشدار لە خولی پلە دووی پۆرتوگال ئاشکرایکرد، ئالێکس ساندرۆ دۆس سانتۆس ئاپۆلیناریۆی یاریزانی بەرازیلی یانەکە لە خولەکی 27ی ڕوبەڕوبوونەوەی یونیاو ئالمیریم کەوتووە بەزەویدا.

هۆکاری لەهۆشچوونی یاریزانەکە دواتر دەرکەوتووە جەڵتەی دڵ بووە و بەپەلە لە نەخۆشخانەی لشبۆنە چارەسەری بۆکراوە، بەڵام پزیشکان و چارەسەرەکان نەیانتوانیوە ژیانی ڕزگاربکەن و گیانیلەدەستداوە.

ئاپۆلیناریۆ لەم وەرزەدا بەشداری هەشت ڕوبەڕوبوونەوەی ئەنجامداوە و دوو گۆڵی تۆمارکردووە، پێشتریش بۆ یانەی کروزێرۆ یاریکردووە.

 

یاریزانێکی کۆنگۆلی

یانەی باستیای فەرەنسی ئاشکرایکرد، کریستۆفەر مابولۆی تەمەن 30 ساڵ و یاریزانی یانە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیلەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، مابولۆ لە یانەی باستیا نەماوە و لەکاتی ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لە مۆنفرمێل لە وڵاتەکەی خۆی، دووچاری جەڵتەی دڵ هاتووە و گیانی لەدەستداوە.

مابولۆ لە وەرزی 2014/2015 بەدرێسی یانە فەرەنسیەکەیەوە سێ گۆڵی بەرانبەر مارسیلیا تۆمارکردووە و بەو هۆیەوە زۆر ناسراوە، پێشتریش 29 یاری لە خولی پلە یەکی فەرەنسا کردووە و 58 یاری لە خولی پلە دووی فەرەنسا کردووە.

 

دوو لێدان بۆ یانەی سەن داونز

سەرچاوەکانی هەواڵ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاشکرایانکرد، مۆتجیکا مادیشای یاریزانی یانەی مامیلۆدی سەن داونزی باشووری ئەفریقا لە کانوونی یەکەمی 2020 بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی سپاردووە، دوای ئەوەی بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە جەڵتەی دڵ لێیداوە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە.

ئەم ڕووداوەش تاکە حاڵەت نییە لە یانەی سەن داونز، بەڵکو لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ ئانێل نجکۆنجکا بەهەمان هۆکار گیانیلەدەستداوە.

بابەتی پێشتر

پۆمپەیۆ: ئێران چەكی كیمیایی لە عێراق بەكارهێناوە

بابەتی دواتر

هەرێمی سلێمانی دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانیی خەڵك؟<br> بەرپرسی پڕۆژەكە: بەهەرێمكردن تەنها ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی كوردی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share