وتەبێژی ئەوقاف: لێشاوی چوون بۆ حەج هۆكاری زۆریی ژمارەی گیانلەدەستدانە لە ئەمساڵدا

وتەبێژی ئەوقاف حەجی نایاسایی بە هۆكاری زۆریی ژمارەی گیانلەدەستدان لە رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵدا ناودەبات.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێم رایگەیاند، لە کۆی 120 هەزار داواکاریی حەج، چوار هەزار و 686 هەزار کەس ناویان بۆ رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ هاتبووەوە، دەرچوونی ناوی ئەو کەسانەش لە پرۆسەیەکی تیروپشکی شەفافدا بوو.

نەبەز ئیسماعیل لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا وتیشی، “چەندین لیژنەی جیاواز بۆ گواستنەوە و سەرپەرشتی ئەم زیارەتکارانە پێکهێنرا، هەموویان بەشێوەیەکی رێکوپێک گوازرانەوە بۆ شاری مەککە و مەدینە”.

دەربارەی ئەو كەسانەش كە بە ڤیزای جیاواز روویان لە سعودیە كرد، وتەبێژی ئەوقاف ئەوەی خستەڕوو، ئەوانە هەمووی حەجی نایاسایین، پێشتر هۆشداریمان دابوو کە بەو جۆرە ڤیزایانە حەج نەکرێت، چونکە ئەو کەسانە، کەس نابێت سەرپەرشتییان بکات و توشی گرفت دەبن، چونکە بە نایاسایی لەو وڵاتەن و تائێستاش خەڵک توشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت لەو وڵاتە.

وتەبێژی ئەوقاف هۆكاری زۆریی رووداوەكانی گیانلەدەستدانی حاجییانیش باس دەكات و دەڵێت، “ئەم چوونەی خەڵک بەوجۆرە ڤیزانە و بەو لێشاوە بۆ حەج هۆکاری سەرەکیی مردنی ئەو ژمارەی زۆرەی حاجیانی ئەمساڵ بوو لە حەجی ئەمساڵدا کە بەشێکی ئەو حاجیانە خەڵکی هەرێمی کوردستانن”.

ئاماژەشدەدات، جوگرافیای کێوی عەرەفە و مینا دیاریکراوە بەرگەی ئەو هەموو حەشاماتە خەڵکەی نەدەگرت کە رووبکەنە ئەو وڵاتە، وایکرد کە شوێنی سێبەر کەم بێت، خواردن و خزمەتگوزاری کەم بێت، لەبەرئەوەیە سعودیە پشکی بۆ هەر وڵاتێک داناوە، بۆیە بۆ ئەوان وەک وەزارەتی ئەوقاف مردنی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان لە ئەمساڵدا “پێشبینیکراو بوو نەک گوماناوی”.

بابەتی پێشتر

حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمارکرا

بابەتی دواتر

مەرجێك بۆ دەركردن و نوێكردنەوەی پاسپۆرت زیادكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share