وەزیری كۆچ رایدەگەیەنێت، دابەشكردنی بڕی ئەو چوار ملیۆن دینارەی بۆ خێزانە ئاوارەبووە گەڕاوەكان تەرخانكراوە، بەردەوامە.
ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەران رایگەیاند، دابەشكردنی بڕی چوار ملیۆن دینار بەسەر ئەو خێزانانەی لە كامپەكانەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان دەگەڕێنەوە بەردەوامە.
میدیای رەسمیی عێراق لە زاری ئیڤان فایەق وتیشی، “بەخشینی چوار ملیۆن دینارەكە كاریگەری لەسەر بودجە نییە” و دووپاتیكردەوە، سەرۆك وەزیران سوورە لەسەر پێدانی بە خێزانە ئاوارە گەڕاوەكان.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كاردەكات لەسەر پێشكەشكردنی پارەكە بەشێوەی راستەوخۆ دوای دەرچوونی خێزانەكان لە كامپەكان، وەزیری كۆچ وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، “خێزانە نیشتەجێبووەكانی كامپەكانی هەولێر و دهۆك، پارەكەیان لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ شوێنە بنەڕەتییەكانی خۆیان پێدەدرێت”.
پێشتر وەزارەتەكە سووربوونی حكومەتی لەسەر بڕیاری داخستنی كامپەكانی ئاوارەبووان دووپاتكردەوە و ئاشكرایكرد، تا كۆتایی ئەم مانگە كامپی ئاوارەبووان لە سلێمانی دادەخرێت، بەڵام لە هەولێر و دهۆك، كاربەدەستان هاریكاریی وەزارەتەكەیان بۆ ئەو مەبەستە ناكەن.