ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە
تا ئێستا بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر و دهۆك لە زینداندان

ساڵانە ڕۆژی 3ی ئایار وەک ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، ئەمرۆ یادەكەیە، بەڵام تائێستا لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی بادینان لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین لە زینداندان.

ئەمڕۆ 3ی ئایاری 2022 ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە، کە لە ساڵی 1991دا ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور پێشنیازی دیاریکردنی ڕۆژێکی بەناوی “ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ئازاد” پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەمەبەستی پشتگیریکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، ڕێکخراوی یونسکۆی نەتەوە یەکگرتووکان لە ڕۆژی 20ی کانونی یەکەمی ساڵی 1992دا، ڕۆژی 3ی ئایاری بە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی پەسەندکرد.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ساڵە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنیی بادینان دەستگیرکراون، تەنها بەهۆی دەربڕینی ڕا و كاركردنیان بۆ دەستخستنی مافی خەڵك، تۆمەتی جیاوازیان بۆ دروستكرا و دادگایی و زیندانی كران.

لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لەو ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوانەی بادینان لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو و داواکارییەوە ئاماژەیان كردووە بە بوونی ئەشکەنجە و فشار بۆ دانپێدانانی تاوانێک کە ئەنجامیان نەداوە، هەروەها گۆڕینی وتە وەرگیراوەکانیان.

لە کۆتا ڕاگەیەندراویاندا ئاماژەیان بۆ مانگرتنی شەش لە زیندانییەکان کرد لە خواردن و خواردنەوە و ڕایانگەیاند، ئەگەر بەهانایانەوە نەچن دەمرن و تاوەکو دادگاییش نەکرێن و چارەنووسیان یەکلایی نەکرێتەوە، مانگرتن ناشکێنن.

دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمریکادا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە، باسی لێوەکراوە و هاتووە، “حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما یاساییەکان و بەتۆمەتی هەڵبەستراو، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی دەستگیردەکات، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەبێ دادگایی و ڕێکارە یاساییەکان لە زیندانەکاندا دەیانهێڵێتەوە، هەندێک جاریش ڕێگەنادەن ئەو کەسانە پارێزەر و دادوەر ببینن و حکومی زیندانیکردن دەدەنە پاڵیان”، وەک نمونەش زیندانیانی بادینانی کردبوو بە پاڵپشت و بەڵگە.

بابەتی پێشتر

پێچەوانەی پێشبینییەکانی پێشوو خۆڵبارین بەردەوام دەبێت

بابەتی دواتر

شاندێكی باڵای سەربازیی عێراق گەیشتە شەنگال

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share