ستران عەبدوڵا: هێرۆ خان لەسەردەمی تەنگژەکاندا بوێرانە داکۆکی لە یەکێتی و حزبایەتیی راستەقینە کرد

ستران عەبدوڵا، رایدەگەیەنێت، ” هێرۆ خان لەسەردەمی تەنگژەکاندا هاتە سەرخەت و نەترسانە و بوێرانە داکۆکی لە یەکێتی و حزبایەتی راستەقینە کرد”.

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ یادی لەدایکبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت،هێرۆ خان هاورێی ژیان و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلالە، بۆیە رەهەندی تێکۆشانی سیاسیی ئەو مەعلومی هەمووانە، بەڵام بەشی زۆری کارکردنی هێرۆخان لە رەهەندە فراوانەکەی سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەیی دا تەرخانی کولتوور و هونەر و میدیا و چالاکیی کۆمەڵایەتی و پرۆژە ستراتیژە مرۆڤدۆستانەکانی بوو.

دەشڵێت، حزبایەتی ئاشکرا و راستەوخۆی هێرۆخان ئەو کاتە دەرکەوت و تۆخبووەوە کە لەسەردەمی تەنگژەکاندا هاتە سەرخەت و نەترسانە و بوێرانە داکۆکی لە یەکێتی و حزبایەتی راستەقینە کرد، بەتایبەتی ئەو کاتەی پیلانگێڕی گەورە لەسەر یەکێتی تەنگی بە سیاسەت و کوردایەتی هەڵچنیبوو، ئینجا مام جەلالیش بەهۆی نەخۆشییەوە لە پشووی جەنگاوەریدابوو، زۆربوون ئەوانەی فاتیحایان بۆ نەمانی یەکێتی دەخوێند و زۆر مودەعی تێزی بەدیلی یەکێتیی و مام جەلالیان دەخستە بازاڕەوە، ئا لەو تەنگانەدا هێرۆ خانی حریفی حزبایەتی و دڵسۆزی یەکێتیی بوون دەرسی پێشکەشکرد و دەرکەوت.

ستران عەبدوڵا دەڵێت، جگە لە داکۆکییە رەسەن و جەوهەرییەکانی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی لە ئاماژە و ئاڵا و لۆگۆشدا هەمیشە سەربەرزی و سەرفرازی یەکێتیی زەق دەکردەوە، جلی سەراپای سەوز و یەکێتییانەی دەپۆشی و تەنانەت ئۆتۆمبێل و کەرەستەکانی ڤلێکس و قەڵەمیشی سەوز دەکرد، زۆربەمان چالاکییەکانی ئەوکاتەمان لە بیرە کە لە کەمپینی هەڵبژاردن و جۆش و خرۆشی جەماوەریدا ئەو جلوبەرگانەی دەپۆشی .

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو لە تەنگژەدا خۆی لە ئەرکی سەرشان نەشاردەوە و ئازایانە و ژنانە و دادانە هاتە کۆڕی سەوزەوە، بەمەش دەرس و وانەیەکی مەزنی حزبایەتی نیشان داین کە لە تەنگژەدا بێیتە جواب و لە شێنەییدا فراوانتر و نەتەوەیی بڕوانیت، ئەم وێنەیەی هێرۆخان وێستگەی حزبایەتی ئازایانەی ئەو لە ناو یەکێتی و کوردایەتی دەردەخات، بەو بۆنەیەوە یادی لە دایکبوونی پیرۆز بێت و تەمەنی بۆ کورد و یەکێتی پڕ بەرەکەت بێت.

 

 

بابەتی پێشتر

ئاگر لە باڵەخانەیەکی سلێمانی کەوتەوە و کەسێك گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

کرێکارێک بە تەزووی کارەبا گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share