قوباد تاڵەبانی بەردی بناغەی پرۆژەیەك لە دەڤەری راپەڕین دادەنێت

جێگری سەرۆك وەزیران بەردی بناغەی پرۆژەیەكی لە دەڤەری راپەڕین دانا و چەند پرۆژەیەكیش دەكاتەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی حوزەیران، سەردانی دەڤەری راپەڕین كرد و بە یاوەری وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بەرپرسانی ناوچەكە بەردی بناغەی پرۆژەی (كارگەی وشككردنەوەی گەنمەشامیی قەمتەران)ی دانا.

پڕۆژەی کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی قەمتەران، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵییە لە دەڤەری راپەڕین و بەرهەمی گەنمەشامی جوتیارانی دەڤەرەکە وەردەگرێت بۆ وشککردنەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە ناوچەکەدا، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیراندا هاتووە.

پڕۆژەکە بڕیارە لە ماوەی نۆ مانگدا تەواوبکرێت و ژمارەیەک هەلی کار بۆ گەنجانی دەڤەری راپەڕین دەڕەخسێنێت و، لە توانایدایە لە هەر کاتژمێرێکدا 80 تۆن گەنمەشامی وشکبکاتەوە.

قوباد تاڵەبانی، لە دوای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە جوتیارانی ناوچەکە کۆبووەوە، پاش گوێگرتن لە داواکارییەکانیان، پشتگیری تەواوی خۆی و حکومەتی هەرێمی بۆ جوتیاران دووپاتکردەوە و رایگەیاند: گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ئەولەوییەتی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێک دەدەن بە پشتبەستن بە توانای جوتیاران، کەرتی کشتوکاڵ پێشبخەن، بە تایبەتیش پلانیان هەیە لە رێگەی برەودان بە کەرتی پیشەسازیی خۆراکەوە بەرهەمی جوتیاران بە شێوەیەکی باشتر لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا ساغ بکەنەوە.

پێشتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، لەمیانەی سەردانەكەیدا جگە لە دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیە، پڕۆژەیەک دەکاتەوە و هەندێکی دیكەش بەسەردەکاتەوە.

باسی لەوەشكرد، هەر لە سەردانەکەیدا، چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری، ئەمنی، حیزبی و کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە ئەنجامدەدات.

بابەتی پێشتر

سودانی تەرخانكراوی دارایی پرۆژەیەك بۆ هەڵەبجە زیاددەكات

بابەتی دواتر

چەند کەسێک بە ماتۆرسکیل بۆ ئەنجامدانی حەج بەڕێکەوتوون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

باڵیۆزی ئەمریكا: هەڵبژاردنی پارێزگاكان پابەندیی عێراقییەكانی بە دیموكراسیەت دووپاتكردەوە

باڵیۆزی ئەمریكا دەڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نیشانەی پابەندیی عێراقییەكانە بە دیموكراسیەت. ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق…
Total
0
Share