فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد رایگەیاند، هەرکەسێک هەوڵی هێرشکردنە سەر چێشتخانە و شوێنە بازرگانییەکان بدات دەستگیردەکرێت.
وەلید تەمیمی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئەوەی خستەڕوو، ”دوای ئەوەی چەند کەسێک هەوڵیاندا هێرشبکەنە سەر کارگەیەکی شیرەمەنی لە ناوچەی عوەیرەج و کارگەکە بشێوێنن، هێزەکانمان ئاڕاستەی شوێنە کران و چەند کەسێکمان دەستگیرکردووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ”ئەو کەسانەی دەستگیرکراون رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی لە دژیان و هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر هەر ناوەندێکی بازرگانی دەستگیردەکرێت”.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی راگەیاند کە هێرشیان کردبووە سەر چێشتخانە و ناوەندە بازرگانییەکان لە بەغداد.