وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، قۆناغی دەستنیشانكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران تەواوكراوە و دواتر قۆناغی یاسایی دەستپێدەكات و لە رێگای فۆڕمەوە داواكاری پێشكەشدەكرێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، قۆناغی دەستنیشانكردنی زەوییەكان تەواوكراوە و دواتر قۆناغی یاسایی دەستپێدەكات كە كوژاندنەوەی زەوییەكانە و داواكارییەكەش لەلایەن فەرمانبەرانەوە لە رێگای فۆڕمەوە دەبێت.
وتیشی، “ئەگەر لە سنووری ماستەر پلانی شارەكان شوێن هەبێت زەوی دیاریدەكرێت و پێیان دەدرێت و ئەگەر ئەوە نەبوو ئەوا نزیك ماستەر پلانەكان فراوانتردەكرێت و ئەو فەرمانبەرانەی 8 ساڵ زیاتر خزمەتیان هەبێت و فەرمانبەری هەمیشەیی مافی وەرگرتنی زەوییان دەبێت”.
وەزیری شارەوانی جەختیكردەوە هەر فەرمانبەرێك لە هەر قۆناغێك زەوی وەرگرتبێت لە ئێستادا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نابێت.