بەئامادەبوونی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، پۆستی بەڕێوەبەرى پۆلیسی پارێزگاى سلێمانی ئاڵوگۆڕکرا.
قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئەمڕۆ بەمەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی بەڕێوەبەریی پۆلیسی پارێزگاى سلێمانی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەى کرد و پاش بەخشینی عەمید ئاسۆ لە پۆستەکەی، عەمید دکتۆر ئارام محەمەد لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاى سلێمانی دەستبەکاربوو.
قوباد تاڵەبانی پۆستەکەى بە ئەرکێکی گەورە و پیرۆز وەسفکرد و پاش ستایشی هەوڵ و ماندوبوونی عەمید ئاسۆ بۆ راگرتنی ئارامی شار و پاراستی ئاسایش، پیرۆزبایی پۆستە نوێیەکەی لێکرد کە گرتنەئەستۆی فەرماندەیی لیواى پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکانە. داواشیکرد بەڕێوەبەرى نوێش بەهەمان رۆحییەت کاربکات و هەوڵی جدی بدات لەپێناو پاراستنی ئارامی و رێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوان و دەستگیرکردنی تاوانباراندا.
جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران راشیگەیاند، گۆڕانکارى لە پۆستە حکومییەکان بەشێکە لە زیندووهێشتنەوەى حکومەت و گەشەپێدانی ئەرک و بەرپرسیارێتیمان لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
دواتر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، قوباد تاڵەبانی ستایشی عەمید ئاسۆی کرد بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارى سلێمانی لە ماوەکانی رابردوودا کە هەوڵەکانی خۆى بەباشی خستبووەگەڕ و زۆرجار رێگربوون لە ئەنجامدانی تاوان کە ئەمەش جێى دەستخۆشییە.
هەر لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بە سەقامگیریی دۆخی ئەمنی پارێزگاى سلێمانی کرد و رایگەیاند، بەو پەیوەندی و هەماهەنگییەى لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیدا هەیە توانراوە دۆخێکی ئارامتر لە سلێمانی و شار و شارۆچکەکان بۆ هاوڵاتییان دابینبکرێت، چونکە پاراستنی ئەمنییەتی شار تەنیا ئەرکی پۆلیس نیە بەڵکو ئەرکی هەموو ئەو هێزە ئەمنییانەیە کە لە شێوەى خێزانێکدا کۆبوونەتەوە و پێکەوە کاردەکەن.