سودانی پێشنیارەكان بۆ چارەسەری گرفتی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق راگرتنی نەوتی هەرێم دەخاتە ئەستۆی كۆمپانیاكان و دوو پێشنیاریش بۆ چارەسەری گرفتی هەناردەكردنی ئاشكرادەكات.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، راگرتنی بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، بێگومان زیانێکە بۆ عێراق و بەلایەنی کەمەوە لەدەستدانی سوودێکی چاوەڕوانکراوە کە دەتواندرێت پشتی پێببەستریت بۆ پلانەکانی گەشەپێدان لە پارێزگاکانی ھەرێم و پتەوترکردنی ئابوریی عێراق بە گشتی.

سودانی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ وتیشی، “ئێمە دەستپێشخەریمان کردووە بۆ دۆزینەوەی رێگاکانی چارەسەری قبوڵکراو دوای لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی تەواو، بەڵام پرسەکە پەیوەندیدارە بە پابەندبوونێکی یاسایی، چونکە لە یاسای بودجەی فیدراڵیییدا، تێچووی بەرھەمھێنانی بەرمیلێک نەوت لە ھەموو کێڵگەکاندا لە چوارچێوەی تێکڕای نیشتمانی تێچووی بەرھەمھێناندا ھەژمارکراوە کە ھەشت دۆلارە بۆ ھەر بەرمیلێک، بەپێی ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی رایگەیاندووە”.

بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە ھەرێم کاردەکەن، تێچووی بەرھەمھێنان بە 26 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک ھەژمار دەکات، سودانی وای وت، ئەوەشی خستەڕوو، “ئێمە پێشنیارمان کردووە کە یاسای بودجە ھەمواربکرێتەوە، یان گرێبەستەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە واژووکراون، ھەموار بکرێنەوە”.

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشكرد، لەو روانگەیەوە، کۆمپانیاکان بەرھەمھێنانیان راگرت، بەڵام راگرتنەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نەبووە و چاوەڕێی چارەسەرێک دەکەین، کۆمپانیاکان رەتیان کردووەتەوە کە گرێبەستەکانیان ھەمواربکەنەوە لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم بەوە رازی بووە.

ھەروەھا روونیکردەوە، لەبەر ئەم ھۆکارە پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی یاسایی بۆ ئەو کێشەیە.

بابەتی پێشتر

پەیامێك لە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە

بابەتی دواتر

پارتی بۆ یەكێتی: جەخت لە هەماهەنگی دەكەینەوە بۆ چارەسەری كێشە چارەنووسسازەكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share