ئەنجومەنی وەزیران: لە‌ داھاتوویە‌كی نزیكدا پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی ھە‌رێم ئامادە‌ دە‌بێت

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەسەندكردنی بودجەی عێراق و ڕۆڵی شاندی دانوستانكاری بە بەرزی هەڵسەنگاند و دوپاتیشیدەكاتەوە كە لە ‌داھاتوویە‌كی نزیكدا پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی ھە‌رێم بۆ ساڵی 2021 ئامادە‌ دە‌بێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

سەرۆکوەزیران سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 دەستخۆشی لە تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم کرد کە ئەرکەکانیان بە باشی ئەنجامدا، ئاماژەشی بەوەدا شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی، مافێکی دەستووری و ڕەوایە، جەختیشی لەوەشکردەوە کە حکومەتی هەرێم، پابەندە بە بڕگەکانی یاسای بودجە و داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و کارکردن بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە ئاراستەی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی شایستە و گەشەپێدانی دۆخی ئابوری.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، كورتە‌یە‌كی لە‌بارە‌ی گفتوگۆكانیان لە ‌بە‌غداد خستە‌ڕوو، وێڕای ستایشكردنی ئە‌ندامانی شاندە‌كە‌، ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ پێویستە‌ ھە‌ردوو حكومە‌تی فیدراڵ و ھە‌رێم، پابە‌ندبن بە‌و ڕێنمایاییانە‌ی كە‌ دواتر دە‌ردە‌چن بۆ جێبە‌جێكردنی یاسای بودجە‌ی 2021. وتیشی لە ‌گفتوگۆكانمان لە‌گە‌ڵ پە‌رلە‌مان و حكومە‌ت و لایە‌نە‌ عێراقییە‌كان، جە‌ختمان لە‌سە‌ر پابە‌ند بوون بە‌ دە‌ستوور كردە‌وە‌ بۆ دە‌ستە‌بە‌ركردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین ئامادەکارییەکانی تایبەت بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنوسی یەکەمی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 خستەڕوو. جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌كارییە‌كان هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە‌داھاتوویە‌كی نزیكدا، ئە‌و پڕۆژە‌‌ یاسایە‌ ئامادە‌ دە‌بێت.

بابەتی پێشتر

بەتۆمەتی هەوڵی كودەتا 22 سەرباز لە توركیا بە زیندانی هەتایی سزادران

بابەتی دواتر

بۆچی سەدام وتبووی: جگە لە جەلال تاڵەبانی هەموو كەس مافی خواردنەوەی ئاوی دیجلە و فوراتی هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share