پەیامێك لە قوباد تاڵەبانییەوە

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە.

دەقی پەیامەكە:

ئەم كاتەت باش جەنابی سەرۆك:

پیرۆزبایی 49 یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە تۆ و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەندامان و سەرجەم لایەنگر و دۆستانی یەكێتی دەكەم و سەری رێز و نەوازش بۆ رۆحی بەرزی سەرۆك مام جەلال و شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تەواوی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان و تێكۆشەران دادەنەوێنم و بەڵێن دەدەینەوە كە خوێندكاری بەوەفا و دڵسۆز و پێداگری ڕێبازەكەیان بین و تا بەدیهێنانی خەون و ئاواتەكانیان لە خەباتدا بین و هیچ هەڵبەز و دابەزێكی رۆژگار نەتوانێت ساردمان بكاتەوە لە پەیڕەوكردنی ئەو ڕێبازە.

ئەم بۆنەیە، وەكو دەرفەتێك دەبینم تا لە قووڵاییەكانی دڵمەوە، سوپاست بكەم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوون و كارانەی بۆ یەكێتییەكەمانت كرد و یەكێتیت خستە سەرڕێی سەركەوتنەكان و شاڕێی ئارامی و گەشەسەندن و بەهێزی، یەكێتیت كردەوە بە چەقی بڕیاری سیاسیی كوردی و هێزی یەكلاكەرەوە و روئیاكانیت نەك تەنها لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵكو لە عێراقیشدا كردەوە بە نەخشەڕێگای سیاسی، ئەمانە وێستگەی پرشنگدارن و مێژوو تۆماری دەكات.

كە باسی مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرێت، دەبێت باس لەو بارودۆخە ئاڵۆز و ناهەموارە بكرێت كە بەهۆی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و پیلانی شوومی (جەزائیر)ەوە دروست ببوو و ناخی هەموو كوردێكی ساغی پڕكردبوو لە بێهیوایی. رژێـمی بەعسی رووخاو لەوپەڕی هێزی خۆیدابوو و هەرچی لە توانایدا بوو كردی بۆ سڕینەوەی گەلی كوردستان لەو كاتە چارەنووسسازەدا، ڕابەر و سەرۆكی مێژووییمان، مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەر، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دامەزراند و لەگەڵ سەركردایەتیی ناوەوەی وڵاتدا، هاتنەوە كۆڕی خەبات دۆڵ و چیا و دەشت و گوند بە گوند و شار بە شاری كوردستانیان بە بڵێسەی شۆڕش رووناككردەوە و یەكێك لە كاریگەرترین و پڕبەرهەمترین شۆڕشی ناوچەكە و جیهانیان هەڵگیرساند، شۆڕشێك جگە لەوەی بە سەدان كتێب لەبارەیەوە نووسراوە، تائێستاش كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە سەرسووڕمانەوە، چیرۆكی نەبەردییەكانی دەگێڕنەوە و هەتا كوردێكیش مابێت، ئەفسوونەكەی بەتاڵ نابێتەوە و گیانفیدایی و لەخۆبردوویی جەماوەری یەكێتی لەو قۆناغەدا، نموونەیەكی بێوێنەیە لە مێژوودا و رەنگە هیچ حزبێك نەبێت لە دونیادا ‌هێندەی یەكێتی ئەندام و لایەنگری ئاوا دڵسۆزی هەبووبێت و هەبێت.

یەكێتی بە ئازایەتی و چاونەترسیی پێشمەرگە و تێكۆشەرانی و بە پشتیوانیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بە خوێن و قوربانیدانێكی لەباسنەهاتوو، ئەم كوردستانە نازدارەی لەژێر دەستی ستەمی داگیركەر و دیكتاتۆر رزگار كرد و لە چركەساتەكانی سەرەتاوە، خاوەنی ڕاستەقینەی یەكێتی، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و نیشتمانپەروەران بوون و هیچ كەس و لایەن و بارودۆخ و كارتێكەرێكیش، نەیتوانیوە یەكێتی و ئەو جەماوەرە لەیەكتر داببڕێت.

سەرۆكم، ئەزموونی سەرۆكایەتیی تۆ، گەڕانەوەیەكی تەواوە لە پشتبەستن بەو میراتە بەهادار و مانادارە و ئایدیاكانی مامی گەورەشمان، راستەڕێی خەباتی ئێستا و داهاتوومانە بە تەگبیری ورد و ئیرادە و حەماسەت و شەونخوونیت، جۆش و خرۆشی یەكێتییانەت لە تاك بەتاكی یەكێتییەكاندا دروستكردەوە و بە پەرۆش و ئامادەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سەركەوتنێكی لەیادنەكراو بۆ یەكێتییەكەیان تۆماربكەن، بۆیە ئێمەومانانیش وەكو خوێندكار و شوێنكەوتوویەكی پابەند بەو رێبازە، هەموو كات لەپشتتین.

لەپشتتین، چونكە ئەمانەتێكی گرنگ و ئەركێكی مێژوویی كەوتووەتە سەرشانت، سەرۆكایەتی و ڕێبەرایەتیی یەكێتییەك دەكەیت كە هەزاران شەهیدی بە رێگای رزگاریی كوردستان بەخشیووە و دەیان سەركردەی نەزری كوردستان كردووە و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێ و مەشخەڵی تاریكترین چركەساتی مێژووی ئێمەیە، هەر ئەو یەكێتییە، ئەندازیاری راپەڕین و دروستكەری قەوارەی هەرێمی كوردستانە.

ئێمە دەزانین خۆشەویستیی تۆ بۆ یەكێتی و ڕێبازی مام، چەند قووڵ ڕۆچووەتە دڵ و گیانتەوە و چەند وردیش لەو عەقڵە سیاسییە گەورەیە تێگەیشتوویت كە ئەم حزبەی دامەزراندووە و ئێستاش سەدان هەزار كەس بەدڵگەرمییەوە بەرگریی لەو ئایدیا و ڕێبازە دەكەن و بۆ بەدیهێنانی خەونی ئەو سەركردە مەزنە، تێدەكۆشن.

لەپشتتین، چونكە لە رێگای دیدار و كۆنگرەكەی یەكێتییەوە، بە پشتیوانیی ئەندامان و سەركردەكانی، بە شێوازێكی ڕیشەیی پێداچوونەوەتان بە كاروبارەكانی ئۆرگان و پڕۆگرامی یەكێتیدا كرد.

لەپشتتین، چونكە توانیت هێزەكان یەكدەست و پتەو بكەیت و هەموویانت خستەوە ژێر یەك چەتر كە ئامانجەكەی پاراستنی ئارامیی هەرێمەكەمانە.

لەپشتتین، چونكە تۆ بە سنگفراوانی هەوڵی یەكڕیزی و هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستانت داوە و كردیشت لە دیدی تۆدا، هەر جۆرە ناكۆكییەكی نێوان حزبەكان، دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا و لە چوارچێوەیەكی گونجاوی ململانێدا بێت و نابێت سەربكێشێت بۆ ریسككردن بە كیانی هەرێمی كوردستانەوە كە بەرهەمی رەنج و خوێن و تێكۆشانی زیاتر لە سەدەیەك لە ئینسانی كوردە.

لە هەمانكاتیشدا، جوامێرانە نەتهێشت مامەڵەكردنی نابەرپرسیارانەی هەندێك هێز و لایەن بەردەوامبێت، چونكە دەتزانی ئەگەر ستراتیژیی سیاسیی كوردی بەو شێوەیە بەردەوامبێت، ئەوا دۆزی كوردی دەكەوێتە بەردەم مەترسیی گەورە و سەرجەم ئەو دەستكەوتانەی لە عێراقی فیدراڵدا بەدەستمان هێناون، لەدەستمان دەردەچن و بەشكۆوە، دژی ئەو سیاسەتە وەستایتەوە و بەوەش، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانت سەربەرزتر و كۆمەڵانی خەڵكی كورستانیشت بە یەكێتی، هیوادارتركرد.

خاڵێكی هەمیشە گەشی دیكەی یەكێتیی، بڕواداربوونیەتی بە ئازادییە سیاسییەكان، دەبێت هەمووان بزانن ئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە كەشوهەوای فرەیی سیاسیی دروستكردووە و لێگەڕاوە حزبی نوێ و گروپی نوێ دابمەزرێت و دژیشی كاربكەن ئاخر تەنها یەكێتییە لە بیروڕای جیاواز ناترسێت و پێیوایە سیاسەت مەیدانی ململانێیە، ئامانجی تۆ، پاراستنی فرەڕەنگی و فرەدەنگیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە.

گەشبینم بە سەرۆكایەتیت، چونكە دووربینی و پێداگری و وردبینیی تۆ و پتەویی ئەو ڕێبازەی سەرۆك مام جەلال بناغەكەی دیزاین كردووە، وادەكەن یەكێتییەكەمان هەرگیز نەكەوێت و كاروانی خەباتی درێژە بكێشێت و بەهێزتریش ببێت.

لە كۆتاییشدا، دەڵێم: پشتگیریكردنی گەنجان و خوێندكاران، لابردنی لەمپەرەكانی بەردەم هاتنەپێشەوەی ژنان، ڕێگریكردن لە سەرانەوەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەهێزكردنەوەی ئۆرگانەكانی حزب و یەكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان، بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی، هاوسەنگكردنەوەی هێز لە ناوخۆ و باڵانسكردنی ململانێ ناوچەیی و هەرێمییەكان، نەهێشتنی سیخوڕی و چاودێریكردنی ژیانی تایبەتی، سەركەوتن بەسەر كۆسپ و كۆست و پیلانەكاندا، دروستكردنی كۆدەنگی لە بڕیاردا و سەرپێخستنی دونیابینیی سەردەمییانە بۆ یەكێتی، بەرگریكردن لە ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی مافە دەستوورییەكان، شەڕی بەگژداچوونەوەی عەقڵییەتی شۆڤێنی لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، گەڕان و سەردانی یەكلەدواییەكی پایتەخت و ناوەندەكانی بڕیار لە دونیادا بۆ دۆزینەوەی پشتیوانی بۆ مافەڕەوا و دیموكراسییەكانی گەلەكەمان، هەموو ئەمانە پێكەوە بە هیچ حزب و سەركردەیەك ناكرێت، جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكێك كە ناوی (بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە.

برات،قوباد تاڵەبانی

بابەتی پێشتر

ئاگادارییەكی بەپەلە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانییەوە

بابەتی دواتر

نرخی نەوت دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ھێزەکانی کۆماندۆ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بڵاوكردەوە

ھێزەکانی کۆماندۆ، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بڵاوكردەوە و دەڵێت، “ئامانجیان گێرەشێوێنی بووە”. دوێنێ ڕزگار محەمەد…
Total
0
Share