ھێزەکانی کۆماندۆ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بڵاوكردەوە

ھێزەکانی کۆماندۆ، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بڵاوكردەوە و دەڵێت، “ئامانجیان گێرەشێوێنی بووە”.

دوێنێ ڕزگار محەمەد ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان و كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، سەردانی مەرزی پەروێزخانیان كردبوو، لە گەڕانەوەیاندا ناكۆكی كەوتبووە نێوان ئەو دوو كەسە و بازگەیەكی هێزەكانی كۆماندۆوە. هێزەكانی كۆماندۆ دەڵێت، “کۆمەڵێك قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ هێزەکەمان هەڵبەست لە کاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو، ئامانجشیان ڕوونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، ھێزەکانی کۆماندۆی كوردستان ڕایگەیاند، “ئێوارەی دوێنی هەریەکە لە ڕزگار محەمەد ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بەبێ هیچ نووسراوێکی فەرمیی حکومەت و پەرلەمان و بەبێ ڕەزامەندیی بەڕێوبەرایەتیی مەرزی پەروێزخان، ڕۆشتبوونە نێو مەرزەکە، لە کاتی گەڕانەوەیان بە بازگەیەکی هێزەکەمان لە نزیک مەرزی پەروێزخان تێپەڕیبوون کە ئەو ڕێگایە پێشتر کاری قاچاخی تێدا دەکرا لە لایەن کۆمەڵێک بەرپرسی حکومی و حزبیەوە”.

بەپێی ڕوونكردنەوەی ھێزەکانی کۆماندۆ كە لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “لە لایەن کارمەندانی بازگەکەوە بەوپەڕی ڕێزەوە داوای خۆناساندن لە هەردوو ناوبراو کراوە، لە وەڵامدا ڕزگار محەمەد بە کارمەندانی بازگەکەی ڕاگەیاندبوو، کە ئەو پەرلەمانتارە و حەسانەی هەیە و هیچ کەسێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات لە کاتێکدا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لە چەک و جام تاریکبوون، ئەمیش لەخۆیدا پێچەوانەی یاسایە، لە کاتی ئەم گفتوگۆیانەدا پاسەوانەکانی هەردوو ناوبراو بە چەکەوە دابەزیبوون و بە چوار دەوری بازگەکە بڵاوەیان کردبوو و میلی چەکیان بەڕووی هێزەکەمان هێنابوویەوە! دواتر لە لایەن بەرپرسی بازگەکە کێشەکە چارەسەرکرا و میوانداریی ئەو دوو بەڕێزە و پاسەوانەکانیان کرا و هەر لەوێ و کۆتایی بە کێشەکە هێنرا”.

ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەڵێت، “بەداخەوە دوای گەیشتنیان بە شاری سلێمانی، هەڵوێستی ئەوان گۆڕا و لە ڕێگەی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆمەڵێك قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ هێزەکەمان هەڵبەست لە کاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو، ئامانجشیان ڕوونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە، ئەگەر ئەوان هیچ شتێک لە خۆیان شکنابەن بۆ ڕێگەیان بە کارمەندانی بازگەکە نەدابوو پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان بکرێت؟ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی، بۆیە هەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەو بازگەیەدا تێپەڕبێت دەبێت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکرێت، لامان سەیرە ئەو دوو بەرپرسە کارەکانیان پێچەوانەی یاسا بووە و باسی یاسا دەکەن ئەمەشیان کرد بە کەمپینێک بۆ دەرکەوتن و ناساندنی خۆیان”.

بابەتی پێشتر

پیاوێك گورچیلەی هاوژینەكەی دزی و فرۆشتی

بابەتی دواتر

موفاجەئەیەك لە گرێبەستی مباپی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕونکردنەوەیەک لە کارەبای هەرێمەوە

بەڕێوبەرایەتی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا بەسەرکەوتووی بەرنامەی پێدانی کارەبا جێبەجێکراوە و نزیکەی…
Total
0
Share