بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە رادۆ ئۆكتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا دۆخی هەرێمی كوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لەبوارە جیاوازەكاندا لەپێناو بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە هەنگاوەكانی پێشخستنی ئابوریی هەرێمی كوردستان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی كرد و رایگەیاند، “بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە وەبەرهێنەران دەكەین و كارئاسانییان بۆ دەكەین تاوەكو سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان بخەنەگەڕ و هاوكاربن لە گەشەپێدانی ناوچەكە، بۆ ئەمەش هیوادارین رۆمانیا هەنگاوی زیاتر لەبوارە جیاوازەكاندا بنێت و بەشداریی چالاكانەتریان هەبێت”.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد تاوتوێكران، هەردوولا جەختیان لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە و هەنگاونان بە ئاڕاستەی ئاوەدانی نەك قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان.