سکرتێری گشتیی ناتۆ: یەکێتیی ئەوروپا ناتوانێت جێگەی ناتۆ بگرێتەوە

سکرتێری گشتیی ناتۆ دژایەتیی خۆی بۆ دروستکردنی سوپایەکی تەیبەت بە وڵاتانی ئەوروپا دەربڕی و داوای لە ئەندامانی ئەو وڵاتانەش کرد خەرجییەکانی تایبەت بە بەرگری زیاد بکەن.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ئیکۆنۆمیست ئاماژەی بەوە کرد، ”پێشوازی لە هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەکەم سەبارەت بە زیادکردنی خەرجییەکان لە بواری بەرگریدا و ناتۆش ماوەیەکە داوای ئەوە دەکات”.

ئەوەشی خستەڕوو، ”یەکێتیی ئەوروپا ناتوانێت جێگەی ناتۆ بگرێتەوە و ئەندامانی ئەو یەکێتییە 20%ی خەرجییەکانی بەرگریی ناتۆ دابین دەکەن و 80%یش لە دەرەوەی یەکێتییەکە دابیندەکرێت، هاوکات پێویستە خەرجییەکان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە زیادبکرێن”.

لەبارەی دروستکردنی سوپایەکی تایبەت بە وڵاتانی ئەوروپا سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ”ناتۆ دەبێت دامەزراوەی سەرەکی بێت و ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەکەین بە مەرجێک رکابەری ناتۆ نەکات”.

لە چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەوروپا بیرۆکەی دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتووی تایبەت بە ئەوروپایان خستەڕوو، پێشتریش جۆزێپ بۆرێل، کۆمسیاری باڵای کاروباری دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندبوو، ئەو سوپایە ژمارەیان پێنج هەزار کەس دەبێت و تاوەکو ساڵی 2025 ئامادە دەبن.

بابەتی پێشتر

نەرمین مەعروف: ئەم هەفتەیە مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەگات

بابەتی دواتر

لە سنووری کەرکوک ئاگرکەوتەوە و نزیکەی 15 دۆنم دەغڵودانی جوتیاران سووتا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share