لە کاتی پێوەدانی دووپشک دەبێت چی بکرێت؟

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ هاوڵاتییان سەبارەت بە پێوەدانی دووپشک و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا.

لە ئێستادا لە کۆتاییەکانی مانگی ئایارداین، وەرزی دەرکەوتنەوەی دووپشک لە ناوچە جیاوازەکان هاتووە و پێویستە هاوڵاتییان لەکاتی گەشت و سەیران و چوونە ناو سروشت ئاگاداری خۆیان بن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئەم چەند خاڵە گرنگن ئەنجامبدرێن:

1- پێش هەموو شتێک دەبێت هەراسان و مشەوەش نەبین و ئەو کەسە هێور بکرێتەوە کە دووپشک پێوەیداوە

2- شۆردنی شوێنەکە بە ئاوی سارد و سابوون بۆ پاکبوونەوە و رێگری لە هەوکردن.

3- دانانی پاڵەپەستۆێ سارد لە شوێنی پێوەدانەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک.

4- دەرکردنی دەزیلەی ژەهر ئەگەر هەبێت.

5- ئەگەر شوێنی پێوەدانەکە لە دەست یان قاچ بێت، بەرزکردنەوەی بە ئاڕاستەی بەرزی دڵ، ئەمەیان رێگری لە هەڵئاواسان دەکات.

6- لە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوەکراوە دەکرێت لۆکە یان کلێنکسێک بە ماددەی پاککەرەوەی بەهێزی وەک فاست (شلەی سپی کەرەوەی جلوبەرگ) بکرێتە سەر شوێنەکە بۆ ماوەی پێنج خولەک بۆ کەمکردنەوەی ژەهراویبوون بە کارلێکی کیمیای لەگەڵ ژەهرەکە.

7- دەرهێنانی خێرای ئەڵقە و مستیلە و بازن.

8- گەیاندنی تووشبوو بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ چارەسەری کۆتایی و پێدانی دژە ژەهر ئەگەر پێویستی کرد بە پێی رێنمایی پزیشک.

لەبارەی ئەو شتانەشەوە کە نابێت ئەنجام بدرێن، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، “لە ئەگەری بوونی دەزیلەی پێوەدان نابێت پێش شۆردن و ساردکردنەوەی شوێنەکە دەزیلەکە دەربکرێت، هاوکات، نابێت شوێنەکە بریندار بکرێت یان کەسێک هەوڵی مژینی شوێنی پێوەدان بدات بە بەهانەی دەرکردنی ژەهر.

لەگەڵ ئەوانەشدا، نابێت هەوڵبدرێت بە بەستنەوەی دەست یان قاچ بە هیچ جۆرێک و لە هیچ سەرچاوەیەک رێگای پێنەدراوە.

بابەتی پێشتر

عێراق چەند پارچە شوێنەوارێکی لە سویسرا وەرگرتەوە

بابەتی دواتر

هێڵی ئاسمانیی عێراقی: زیاتر لە حەوت هەزار حاجیمان گواستووەتەوە بۆ سعودیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share