قوباد تاڵەبانی دوو براندی جیهانی لە سلێمانی بەسەرکردەوە

جێگری سەرۆك وەزیران لەمیانەی بەسەركردنەوەی دوو براندی جیهانی لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، رێگەخۆشکەر دەبن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆمپانیا و براندە جیهانییەکانی دیکە رووبکەنە سلێمانی.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکانی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ 23ی ئایار، هەردوو براندی جیهانیی ئاشلی و بەرگەرکینگی بەسەرکردەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران، خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی ئەم دوو براندە جیهانییە لە سلێمانی دەربڕی و رایگەیاند، جگە لەوەی کە هەردوو براندەکە ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کاریان رەخساندووە و هۆکارێکن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و کەرتی تایبەت، رێگەخۆشکەریش دەبن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆمپانیا و براندە جیهانییەکانی دیکەش رووبکەنە سلێمانی و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر باشتربوونی دۆخی ئابوریی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە گشتی.

مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکاش لە وتەیەکدا سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد بۆ پشتگیریکردنی کردنەوەی براندی ئاشلی لە سلێمانی و رایگەیاند، کردنەوەی ئەم براندە لە سلێمانی لە چوارچێوەی بایەخپێدانی ئەمریکادایە بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و هەرێم بەهێزتر دەکات.

بابەتی پێشتر

د. سەباح هەورامی: تێچووی نەخۆشخانە ئەهلییەکان هێندە زۆرە نەخۆش ناچار بە فرۆشتنی خانو و ئۆتۆمبێل دەکات

بابەتی دواتر

یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق گەیشتنە سعودیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share