وەزیری كۆچ رایدەگەیەنێت، نزیكەی هەزار ئاوارە بۆ ناوچە بنەڕەتییەكانی خۆیان گەڕاونەتەوە.
ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، 935 ئاوارە لە كامپی ئاشتی-یەوە لە سلێمانی گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لە شارۆچكەی بەلەد-ی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین و قەزای شەنگال-ی سەر بە پارێزگای نەینەوا.
وتیشی، “دەستپێشخەرییەكە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی خێزانە ئاوارەبووەكانی ناو كامپەكانە، بەر لە داخستنی كامپەكان و كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبووان لە 30ی تەمموزی داهاتوو”.
وەزارەتەكە چەكێكی بانكی بە بڕی چوار ملیۆن دینار دەداتە خێزانە ئاوارەبووەكان، جگە لە كەلوپەلی ناوماڵی وەك (تەلەفزیۆن، تەباخ و سەلاجە) و ماددەی دیكە.
كامپی ئاشتی لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی-یە، خێزانە ئاوارەكانی سەڵاحەدین، شەنگال و نەینەوای تێدایە.