چارەنووسی ترەمپ چی دەبێت و جێگرەكەی چی لەبارەوە ئاشكرادەكات؟

مایك پێنس، جێگری ئێستای سەرۆكی ئەمریكا

جێگری ئێستای سەرۆكی ئەمریكا، بەدووری نازانێت ترەمپ بەر لە تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی، لە پۆستەكەی لاببرێت.

مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، بەكارهێنانی هەمواری ژمارە 25ی دەستووری وڵاتەكەی بۆ دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە دەسەڵات بەر لە 20ی ئەم مانگە كە وادەی كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەیەتی، بەدوور نازانێت.

كەناڵی (سی ئێن ئێن) لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا-وە بڵاویكردەوە، “پێنس ئەم بژاردەیەی لە بەردەمدایە ئەگەر ترەمپ ‘زیاتر یاخی ببێت’.”

وەك سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە، لەم هەفتەیەدا ڕوونبووەتەوە كە دەستبردن بۆ ئەو بژاردەیە و بەكارهێنانی بەرانبەر بە ترەمپ، ئەگەری هەیە و چاوەڕوانكراوە.

هەمواری 25ی دەستوور، دوای كوژرانی جۆن كەندی، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لە ساڵی 1963 ئەنجامدرا، مەبەست لێی چارەسەركردنی ئەو دۆخانەیە كە تیایاندا نەخۆشی یان مردنی سەرۆك، ڕێگردەبێت لەبەردەم ئەنجامدانی ئەركەكانی یاخود پێشكەشكردنی دەست لەكاركێشانەوە.

چوارشەممەی ڕابردوو هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی كۆنگرێس بۆ ڕاستاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 3ی تشرینی دووەم و داننان بە بردنەوەی جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ئەو وڵاتە داوای لە لایەنگرانی كرد خۆپیشاندان لە واشنتن ئەنجامبدن و هانیدان ڕوو لە بینای كاپیتۆڵ بكەن.

بەمەش لایەنگرانی ترەمپ گەمارۆی باڵەخانەكەیان دا و دواتریش چوونە ناویەوە و بەو هۆیەوە چەند كەسێك كوژران و برینداربوون.

بابەتی پێشتر

مانچستەر یونایتد 1-0 واتفۆرد

بابەتی دواتر

پاشماوەی فڕۆكە ئەندەنوسییەكە دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share