ماكرۆن: تائێستا دەكرێت ڕێككەوتنی ئەتۆمی زیندووبكرێتەوە

ئیبراهیم ڕەئیسی و ئیمانوێل ماكرۆن

سەرۆكی فەرەنسا بە هاوتا ئێرانییەكەی ڕاگەیاند، تائێستا دەكرێت ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 زیندووبكرێتەوە بەومەرجەی لە نزیكترین كاتدا بێت.

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ئەو وتانەی لەمیانەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بوو كە دوێنێ شەممە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران ئەنجامیدا. كۆشكی ئیلیزێ بڵاویكردەوە، ماكرۆن بێهیوایی خۆی دەربڕیوە دەربارەی “نەبوونی هیچ پێشكەوتنێك” پاش چەندین مانگ بەسەر هەڵپەساردنی دانوستانەكانی ڤیەننا و “لەگەڵ ڕەئیسی جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی گرتنەبەری بژاردەیەكی ڕوون بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن و گەڕانەوە بۆ جێبەجێكردنی پابەندییە ئەتۆمییەكان لەلایەن ئێرانەوە”.

لەلایەكی دیكەوە ماكرۆن داوای ئازادكردنی چوار هاوڵاتیی فەرەنسی كرد و وتی “بە زۆرەملێ” لە ئێران دەستگیركراون.

كۆتایی مانگی ڕابردوو گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران بە نێوەندگیریی یەكێتیی ئەوروپا بەڕێوەچوو، بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ڤیەننا كە لە نیسانی 2021 بە ئامانجی سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2015 دەستیپێكرد.

بەپێی واشنتن، گفتوگۆكانی دەوحە هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە و دووبارە سزا ئابورییەكانی بەسەر ئێراندا گەڕاندەوە.

بابەتی پێشتر

هۆشدارییەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکرانەوە.. جیهان چووە باری لەناکاوەوە

بابەتی دواتر

دەکرێت ئینتەرنێت لە دراوسێکەتەوە وەرگریت؟ ئەو وڵاتەی بەرزترین ڕێژەی ئەو دیاردەیەی تێدایە کوێیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share