ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە هەواڵی رۆژنامەیەك دەربارەی سلێمانی رەتدەكاتەوە

ئەمینداری پێشووی پێشمەرگە هەواڵی رۆژنامەیەكی پارتی دەربارەی مەشقپێكردنی هێزی چەكدار و رەوانەكردنی بۆ قەندیل رەتدەكاتەوە و دەڵێت، دەبێتە هاندەر بۆ بۆردومانكردن و زیانگەیاندن بە هاوڵاتییانی مەدەنی لە سلێمانی.

فەریقی یەكەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، تۆمەتباركردنی سلێمانی بەو تۆمەتە، گوایە ناوچەكە بۆ مەشقپێكردنی چەكدارانی پەكەكە بەكاردێت، زۆر ترسناكە و، زۆر دوورە لە راستییەوە.

وتیشی، “سەرجەم هێزە سیاسییەكان و توركیا و عێراقیش دەزانن كە لە پارێزگای سلێمانی و بەتایبەتیش ناو شاری سلێمانی هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی توركیای لێنییە”.

جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو، هەمووان دەزانن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەشتاكانەوە لەسەر سنوورەكانی عێراق-توركیا و عێراق-ئێران هەن، زۆرینەش دەزانن ئەو بنكە و بارەگایانە لە كوێن.

دووپاتیشیكردەوە، هیچ بنكە و بارەگایەكیان نە بە ئاشكرا و نە بە نهێنی لە سلێمانی نییە.

ئەمینداری پێشووی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد، هەواڵی لەو جۆرە كە لە میدیایەكی پارتییەوە بڵاوكراوەتەوە مەترسی گەورە دروستدەكات لەسەر هاوڵاتییانی مەدەنی، دەبێتە هۆی زیاتر هاندانی توركیا تا بۆردومانی ناوچەكە بكات، لەكاتێكدا درۆنی توركیا 24 كاتژمێر بە ئاسمانی هەرێمەوەیە و زۆرجار بە قوڵایی 300 كیلۆمەتر هاتووەتە ناوەوە.

جەختیشیكردەوە، “پارتی لە جیاتی تۆمەتباركردنی یەكێتی، باشترە پێكەوە دابنیشین بۆ ئەوەی بزانین چۆن چارەسەری كێشەكانی هەرێم بكەین، ستراتیجی هاوبەش بۆ هەرێم و چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ عێراق و توركیا و ئێران دابینێین، نەك یەكتر تۆمەتبار بكەین”.

بابەتی پێشتر

شانۆیی "گۆچانەکەی دایکم" نمایشكرا

بابەتی دواتر

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر: شانەدەر زێد ئامۆزای دێرینمانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share