چی لەبارەی ئەو زریانە بەهێزەی خۆر دەزانیت كە شەوی رابردوو زەوی گرتەوە؟

زریانێكی بەهێزی خۆر رووی لە هەسارەی زەوی كردووە و شارەزایەك وردەكارییەكەی و كاریگەرییەكەی رووندەكاتەوە.

لوقمان حەوێز، شارەزای گەردوونناسیی كورد رایگەیاند، ئەو زریانە جیۆموگناتیسـیەی بەر لە چەند رۆژێك لە خۆرەوە هەڵیكرد، كاتژمێر 8ی شەوی رابردوو 10ی ئایار گەیشتە هەسارەی زەوی و ئێستا لە هەسارەی زەوی دەدات، ماوەی بەردەوامبوونی نزیکەی 40 کاتژمێر دەبێت، ئەمەیان بەهێزترینە کە بەر هەسارەکەمان بکەوێت لە ماوەی 21 ساڵی رابردوو و بە پلەی G5-ە کە بەهێزترینە بەپێی پێوەری پلەکانی رەشەباکانی خۆر کە لە G1 دەستپێدەکەن لاوازترینە و بەهێزترینیان پلەی G5-ە.

دەشڵێت، ئەم (رەشەبا) زریانەی خۆر لە پەڵەیەکی خۆر روویداوە کە پێیدەوترێت (AR3664)، بەردەوام ئەو زریانانە لەسەر رووی خۆر روودەدەن لە ئەنجامی روودانی ئەو تەقینەوانەی سەر رووی خۆر کە بەهۆی خاڵیبوونەوەی لوپە موگناتیسییەکان روودەدەن، بەڵام بەدەگمەن بەر زەوی دەکەون چونکە:

یەکەم: بۆشایی ئاسمان زۆر فراوانە، بۆیە زۆربەیان بە ئاڕاستەی دیكە دەڕۆن و بەرەو هەسارەی زەوی نایەن.

دووەم: ئەگەر لاوازبن هەموویان بەهۆی بواری موگناتیسی هەسارەی زەوی بەلاڕێدا دەبرێن و هیچ کاریگەرییەکیان نابێت جگە لە دروستبوونی (ئەوڕۆڕا) واتە درەوشانەوەی ئاسمان لە شەودا لە نزیک ناوچەکانی جەمسەری باکوور، بۆیە زەوی بەردەوام پارێزراوە بەڵام ئەگەر زۆر بەهێزبوون بڕێک لەو پڕۆتۆنە بارگاویانەی لەگەڵ ئەو زریانانە دێن و دەگەنە نێو بەرگەهەوای زەوی لە جەمسەرەکانی هەسارەی زەویەوە و، لەوێوە شۆڕ دەبنەوە بەنێو بەرگەهەوا و بەپێی تین و بڕی ئەو پڕۆتۆنانە هەندێک کاریگەرییان دەبێت.

ئەو شارەزایە كاریگەرییەكانیشی لە چەند خاڵێكدا روونكردووەتەوە:

یەکەم: دەبنە هۆی دروستبوونی (ئەوڕۆڕا- Aurora) واتە شەفەقی جەمسەری لە نزیک ناوچە جەمسەرییەکان، وەکو وڵاتانی باکووری ئەوروپا، کەنەدا و سێبیریا روودەدەن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم زریانەی ئەمجارە لەوانەی پێشوو زۆر بەهێزترە، بۆیە لە باکووری ئەمریکا و لە ناوەڕاستی ئەوروپاش دوێنی شەو و ئەمشەویش ئەوڕۆڕا بینرا و دەبینرێت لە ئاسمانی ئەو ناوچانە کە بەشێوەی درەوشانەوەی ئاسمان دەبینرێت بە رەنگی سوور و سەوز و زەردباو.

دووەم: ئەو پرۆتۆنە بارگاوییانە ئەگەر زۆربوون و بەهێزبوون وەک ئەمجارە دەبنە هۆی لەکارخستنی سەتەلایتەکانی پەیوەندیکردن کە لە خولگە بەرزەکانن، واتە ئەو خولگەی کە پێیدەوترێت (جیۆشتێیشنەری ئۆربیت) کە 36 هەزار کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە، لەبەر بەهێزی ئەوەی ئەمجارە زۆربەی وڵاتان و لایەنە تایبەتیەکان سەتەلایتەکانیان کوژاندۆتەوە لەو ماوەیە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر هەندێک خزمەتگوزاری، ئەمە سەتەلایتەکانی جی پی ئێس و هەندێک لە سەتەلایتەکانی نەوە نوێیەکان ناگرێتەوە، چونکە ئەوانە بە زرێپۆشی تایبەتی پارێزراون و حیسابی ئەوەیان بۆ کراوە.

سێیەم: ئەگەری ئەوەش هەیە زریانە هەرە بەهێزەکان وەکو ئەوەی ئەمجارە کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەندێک لە سیستەمەکان و تۆڕەکانی کارەبا لەسەر زەوی، بەڵام ئەوە تەنیا رەنگە لەو وڵات و ناوچە و شارانە رووبدات کە لە جەمسەری باکوور نزیکن، ئەگەری ئەو رووداوەش زۆر کەمە، بەڵام پێشتر روویداوە، بەڵام ناوچە و وڵاتە دوورەکان لە جەمسەری باکوور ناگرێتەوە.

بابەتی پێشتر

بەرپرسێک لە وەزارەتی شارەوانی: دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

هەولێر.. ئاگر لە کۆگایەک کەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share