نەیزەكێكی دەگمەن لە بەریتانیا كەوتە خوارەوە

پێدەچێت وەڵامی هەندێك پرسیار دەستەبەربكات دەربارەی مێژووی سیستمی خۆر و ژیان لەسەر زەوی

ئەو تۆپە ئاگرینەی ئاسمانی بەریتانیا و باكووری ئەوروپای لە 28ی شوبات ڕوناك كردەوە، جۆرێكی دەگمەنی نەیزەك بووە.

بەپێی شارەزایان، پێدەچێت نەیزەكەكە وەڵامی هەندێك پرسیار دەستەبەربكات دەربارەی مێژووی دێرینی سیستمی خۆر و ژیان لەسەر هەسارەی زەوی.

نزیكەی 300 گرام لە نەیزەكەكە لە شارۆچكەیەكی بچوكی گلۆسیسترشایر لە بەریتانیا لەلایەن زانایانەوە كۆكرایەوە و وتیان، بەردەكە لە كۆندریتی كاربۆنی پێكدێت، وەك ئەوەی تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن) بڵاویكردوەتەوە.

كۆندرێتی كاربۆنی، بریتیە لە نەیزەكێكی بەردینی ناكانزایی كە تایبەتمەندییەكانی لە پێكهاتەی سەرەكی (دایك) نەگۆڕاوە.

ئەو مادەیەی نەیزەكەكەی لێ پێكدێت مادەیەكی سەرەتایی و پاكژی سیستمی خۆرە، زانراویشە كە ماددەی ئەندامی و ترشە ئەمینییەكانی تیایە (پێكهاتەكانی ژیان).

مۆزەخانەی مێژووی سروشتی لە لەندەن ڕایگەیاند، ئەو پارچەیەی لە بەردەستیاندایە “لە دۆخێكی باشدایە” و بەخێراییەكی زۆر پاش كەوتنی نەیزەكەكە هێنراوە و دەكرێت بەراورد بەو بەردە نمونەییانە بكرێت كە لەلایەن نێردەكانی بۆشایی ئاسمانەوە هێنراون، لەڕووی جۆر و بڕەوە.

ڕیچارد گرینۆد، توێژەری زانستی هەسارەكان لە زانكۆی كراوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا وتی، “توشی شۆك بووم كاتێك نەیزەكەكەم بینی و خێرا زانیم كە دەگمەنە و ڕوداوێكی تەواو ناوازەیە”.

نەیزەكەكان زۆر پێشینەترن لە هەر بەردێك لەسەر زەوی، مۆزەخانەكە دەڵێت، بەشێوەیەكی گشتی هەزاران ساڵ بە بۆشایی ئاسماندا گەشت دەكەن.

لەكاتی تێپەڕینی ئەم پێكهاتە گەردوونیانەدا بە بەرگە هەوادا، زۆرجار تۆپێكی ئاگرینی پرشنگدار دروستدەكەن، بەر لە كەوتنە سەر زەوی، وەك ئەوەی بەسەر ئەم نەیزەكەدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

هەندێك كات ژنان دوژمنی یەكترن

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) دراگاوەکانی پۆرتوگال یوڤانتۆسیان لە چامپیۆنزلیگ کردە دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share