چاودێرانی هەسارۆچكەكان 27 هەزار و 500 هەسارۆچكەیان لە نزیك زەوی دیاریكرد بە بەكارهێنانی نوێترین تەكنیك، ئەو تەكنیكەی دەشێت رێگربێت لە روودانی كارەسات لە ئایندەدا.
لەجیاتی چاودێری ئەستێرەكان بە بەكارهێنانی تەلەسكۆبی ئاسایی، توێژەران خوارزمییەكی نوێیان داهێنا بەناوی (Tracklet-less Heliocentric Orbit Recovery) یان (THOR).
بە بەكارهێنانی ئەم رێگایە، زانایان توانییان دەیان هەزار لە تەنەكانی كۆمەڵەی خۆر دیاریبكەن، ئەو ژمارەیە زۆر زیاترە لەوەی سەرجەم تەلەسكۆبەكانی جیهان لە ساڵی رابردوودا دۆزیویانەتەوە.
رەنگە گرنگترینیان 100 هەسارۆچكەی نزیك لە زەوی بێت، ئەوانەی بەنێو خولگەی هەسارەكەماندا تێدەپەڕن، زۆرینەشیان لەنێو ئەو بازنەی هەسارۆچكە سەرەكییانەن كە لەنێوان خولگەكانی مەریخ و مشتەری-دان.
سەرەڕای نەبوونی هیچ هەسارۆچكەیەكی تازە دۆزراوە كە لەسەر رێڕەوی پێكدادان بێت لەگەڵ زەوی، بەڵام ئامێرە نوێیەكە “THOR” دەتوانێت ئەو هەسارانە دیاریبكات كە پێدەچێت لە ئایندەدا مەترسیداربن.
بە بەكارهێنانی (Google Cloud)، (THOR) توانی سەرجەم ئەو پێكهاتە گەردوونییانە دیاریبكات كە پێشتر فەرامۆشكرابوون، تەنها لەماوە نزیكەی پێنج هەفتەدا.
زانایان ئومێدیان وایە (THOR) هاریكار بێت لە زیادكردنی ژمارەی ئەو هەسارۆچكانەی تەلەسكۆبەكان دەتوانن شوێنیان دیاریبكەن.
لەئێستادا (THOR) دەتوانێت شوێنی 80%ی هەسارۆچكە نزیكەكان لە زەوی دیاریبكات كە تیرەیان 460 پێ یان گەورەترە.
لە شوباتی رابردوو هەسارۆچكەیەك كە هێندەی پاسێكی دوو قات دەبوو بە نزیك زەویدا، لە دووری 140 هەزار میل واتە نزیكتر لە مانگ، تێپەڕی.