پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، “لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ و چەند پێشنیارێکمان خستووەتە بەردەم لایەنی عێراقی”.
غەریب ئەحمەد مستەفا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، وەفدێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە بەغدادە و، لەگەڵ ئەندامانی کوردی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی برا جوتیارەکانمان مەحروم نەبن لە وەرگرتنی گەنمەکانیان لەلایەن عێراقەوە و، داوامان کردووە عێراق چۆن گەنمی جوتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وەردەگرێت، هەمان مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکرێت و بە هەمان شێواز گەنمەکەیان وەربگیرێت.
غەریب ئەحمەد وتیشی، “دەمانەوێت برا جووتیارەکانمان دڵخۆش بکەین و بابەتەکە بە ئەنجام بگەیەنین و کێشە لە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمدا دروست نەبێت، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو”.