چالاكوانێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ناوی (ئوم فەهد) لە ناوەڕاستی بەغداد كوژرا و هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوە دەكەن.
ئێوارەی دوێنێ هەینی (ئوم فەهد) بلۆگەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە ناوچەی زەیونەی بەغداد لەلایەن چەكدارێكەوە تەقەی لێكرا و كوژرا. دواتریش هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد.
كوژرانی ئەو بلۆگەرە بە 20 رۆژ دێت دوای رفاندن و ئەشكەنجەدانی بلۆگەرێكی دیكە بەناوی (دالیا نەعیم) لە 7ی نیسان كە ناكۆكی لەنێوانیاندا هەبووە و، بەپێی سەرچاوە عێراقییەكان ئەگەری تێوەگلانی تۆڕێكی ئەفسەران لە رووداوەكانی پەیوەست بەو بلۆگەرانە لە ئارادایە.
پێشتریش لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان تێوەگلانی تۆڕێكی بە سەرپەرشتی ئەفسەران لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری، لەنێویشیاندا ئەو ئەفسەرانەی لە ناكۆكی نێوان هەردوو بلۆگەرەكەدا ناویان هێنراوە، دووپاتكردەوە.
تەقەكەرەكەی ئێوارەی دوێنێ بە ماتۆڕسكیلێك خۆی دەگەیەنێتە شوێنی رووداوەكە، بەر لەوەی لە ئۆتۆمبێلەكەی ئوم فەهد نزیك ببێتەوە و چەند فیشەكێكی پێوە بنێت، دواتریش هەر بە ماتۆڕسكیلەكە لە شوێنەكە هەڵدێت.
دەربارەی دەنگۆی دەستگیركردنی تۆمەتبار و تێوەگلاوانیش، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێكدا رەتیكردەوە و، رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و هێشتا لە سەرەتادان.