کۆماندۆی کوردستان لە بارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی هێزەکەیانەوە رایگەیاند، ”بە داخ و خەمێكی قوڵەوە كۆماندۆ لە پێناو پاراستنی خاك و سەروەریی یاسا، پێشمەریەگی قارەمان و كوڕێكی ئازا و چاونەترسی دیكەی بەخشییە خاكی پیرۆزی كوردستان و دڵنیاش بن كە كاروانی شەهیدان لە كۆماندۆ بەردەوامە”.
لە راگەیەندراوێکدا کۆماندۆی کوردستان دەڵێت، ”دوای بەدەستهێنانی زانیاریی وردی هەواڵگری لە سەر باندێكی قاچاخچێتی لە گەرمیان، تیمێكی هێزەكانمان لە ناوچەی ساڵح ئاغا – ناحییەی قۆرەتوو، بۆسەیەكیان بۆ ئەو باندە دانا و لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا بەداخەوە كوڕێكی ئازا و چاونەترسی كۆماندۆ بەناوی ئەیوب محەممەد عەلی شەهیدبوو”.
دەشڵێت، ”وێڕایی دەربڕینی هاوخەمی قوڵمان بۆ شەهیدبوونی برا و هاوڕێ و هاوسەنگەرمان كاكە ئەیوب، هاوكات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهید دەكەین، لە خوای گەورە داواكارین جێگەی بەهەشتی بەرین بێت”.
لە کۆتاییدا دەڵێت، ”جارێكی دیكە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیادەكەینەوە، كە كاروانی شەهیدان لە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆ بەردەوام دەبێت و شەهیدبوونمان شەرەفێكە هەموومان شانازی پێوە دەكەین، ئەمەش رێبازێكە هەموومان لە شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەرەوە بۆمان ماوەتەوە”.