سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا لە پەیامێكدا دەڵێت، بیر لە ئەگەری پێشكەشكردنی دەست لەكاركێشانەوە دەكاتەوە پاش دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە لەگەڵ هاوژینەكەیدا بە تۆمەتی قۆرغكردنی دەسەڵات و گەندەڵی.
پیدرۆ سانچێز، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا لە پەیامەكەیدا كە لە تۆڕی (X) بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، “پێویستم بە راوەستان و بیركردنەوەیە” بۆ بڕیاردان دەربارەی ئەوەی “بەردەوام بم لە پۆستی سەرۆكی حكومەت یان پێویستە واز لەو بەرپرسیارێتییەی سەرشانم بهێنم”.
ئاشكراشیكرد، رۆژی دووشەممە بڕیارەكەی بۆ میدیاكان رادەگەیەنێت و، تا ئەوكاتەش چالاكییەكانی رادەگرێت.
پیدرۆ سانچێز لە حوزەیرانی 2018ەوە پۆستی سەرۆكی حكومەتی ئیسپانیای گرتووەتە دەست، پاش دوورخستنەوەی ماریانۆ راخۆی-ی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، كە سەر بە رەوتی راستڕەوی ناوەندە، دوای دەنگدانی لێسەندنەوەی متمانە بەهۆی پرسی گەندەڵییەوە.