لە چوارچێوەی راسپاردەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بەبەشداریی ژمارەیەكی زۆر لەكەسایەتی حزبی لێپرسراوانی یەكێتی و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و كادیرانی مەڵبەند و كۆمیتەكانی یەكێتی، نووسینگەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەغداد كرایەوە و نزار ئامێدی وەك لێپرسراوی نووسینگەی مەكتەبەكە دەستبەكاربوو.
نزار ئامێدی لێپرسراوی نووسینگەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند،لە چوارچێوەی راسپاردەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوكات كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی كە تێیدا كۆمەڵێك راسپاردە بۆ مەكتەبی سیاسی بەرزكرانەوە و یەكێكیش لە بڕیارەكانی كۆنگرە كردنەوەی بارەگای مەكتەبی سیاسی بوو لە بەغداد كە پێشتر تەنها مەڵبەندێكی یەكێتی لەشارەكەدا هەبوو، بەڵام چەند ساڵێكە گفتوگۆ لەسەر كردنەوەی ئەم بارەگایە دەكرێت و سەرۆك بافڵ جەختی لەسەردەكاتەوە، ئەمڕۆش بڕیارەكە جێبەجێكرا”.
وتیشی، “كردنەوەی بارەگاكە بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی پێگەی یەكێتییە و پێمانوایە لەو رێگایەوە دەتوانین زیاتر مافەكانمان بەدەستبهێنین و خزمەتی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین”.