وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم وادەی بەڕێكەوتنی یەكەمین كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت و دەشڵێت، “چاوەڕواندەكرێت لە دوای 20ی ئایاری ئەمساڵەوە یەكەمین كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان بۆ سعودیە بەڕێبكەون”.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، چاوەڕواندەكرێت لە دوای 20 ئایاری ئەمساڵەوە یەكەمین كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان بەرەو سعودیە بەڕێبكەون كە مامەڵەكانیان تەواوكردووە و پارەیان لێوەرگیراوە و چاوەڕوانی دەستپێكردنی گەشتەكانیان دەكەن و ژمارەیان 4685 حاجییە لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەكەون.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم جەختیكردەوە وتیشی، “هیچ حەجێكی بازرگانی نییە و ئەوەی هەیە تەنها حەجی ئاساییە و سەر بە حكومەتی هەرێمە”.